Dilşad Seyfeddin Ahmed
28 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 29 کانوونی یەکەم 2015
لە چوارچێوەی بەردەوامی یاسای قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە شارۆچكەكانی سلۆپی و جزیرەی سەر بە شرنەخ، ماوەی زیاتر لە دە رۆژە هاتوچۆ لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل راگیراوە، ئەمەش كاریگەری نەرێنی كردۆتە سەر كاری بازرگانی و گەشت و هاتوچۆی نێوان هەردوولا واتە توركیا و عێراق.
ریڤان ئەحمەد سەرپەرشتی نووسینگەیەكی تایبەتی گەشت و هاتوچۆ "سلێمانی تراڤڵ" دەكات، ئەو ماوەی دوو هەفتەیە و دوای داخرانی ئەو دەروازەیە رۆژانە بە تەنها لە نووسینگەكەیدا بەڕێ دەكات و وەك رۆژانی پێشتر گەشتیاران بۆ گەشتكردن و بڕینی بلیتی گەشتەكانیان رووی لێ ناكەن.
ریڤان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "بەهۆی داخرانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە كاریگەری گەورەی لەسەر كارەكەی ئێمە دروست كردووە و خەڵكیش زیانی گەورەیان بەركەوتووە، بەهۆی ئەوەی پاس نەماوە بۆ گەشتكردن بۆ توركیا نرخی فڕۆكەش لە نووسینگەكاندا بۆ دوو هێندە بەرز بۆتەوە".
ئەو خاوەن نووسینگەیە ئاماژەی كرد بەوەی لە ئێستادا بلیتی فڕۆكە لە نووسینگەكاندا بۆ رۆشتن لە 189 دۆلارەوە بۆ 300 تا 400 دۆلار بەرز بۆتەوە، لە كاتێكدا پێشتر نرخی رۆشتن و هاتنەوە لە نێوان 260 تا 280 دۆلاردا بووە.
بەشێك لەو نووسینگانەی تایبەتن بە گەشتوگوزار و گواستنەوە و دەكەونە شەقامی سەهۆڵەكەوە بەهۆی ئەو دۆخەو وەستانی گەشتەكانەوە داخرابوون.
یەك لە خاوەن نووسینگەكانی تری ئەو شەقامە هۆشەنگ حاتەم لە نووسینگەی بادەرگەشت بۆ ئانادۆڵو دوا و گوتی: "داخرانی ئەو دەروازەیە بەشێوەیەكی گشتیی كاریگەری لەسەر كارەكانی ئێمە كردووە، دانیشتووانی سلێمانی نزیكەی 40 تا 50 لەسەدی بە پاس گەشتیان دەكرد بۆ توركیا بەڵام دوای داخرانی ئەو دەوازەیە پاسەكان وەستاون و كرێی فڕۆكەش بۆ دوو هێندە بەرز بۆتەوە".
هۆشەنگ زیاتر گوتی: "لە كاتێكدا پێشتر نرخی رۆشتن و گەڕانەوە لە هەندێك هێڵی فڕۆكەوانی لە نێوان 290 تا 370 دۆلار بوو بەڵام ئێستا تەنها بۆ یەك سەری رۆشتن، بلیتی فڕۆكەمان بە 490 دۆلار گرتووە".
بەرپرسانی كۆمپانیای توركیش ئێرلاین لە سلێمانی كە رۆژانە گەشتیان بۆ توركیا هەیە ئەوەیان رەتكردەوە بەهۆی داخرانی رێگەی وشكاییەوە نرخی گەشتكردن لە هێڵەكەی ئەوانەوە زیاتر بووبێت، بەپێچەوانەوە ئاماژەیان كرد بەوەی نرخەكانیان كەمتر كردۆتەوە و ژمارەیەكی زیاتری داواكاریشیان هەیە بۆ گەشتكردن لە رێگەی هێڵی ئاسمانییەوە.
داخرانی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تەنها كاریگەری لەسەر ئەو نووسینگە و كۆمپانیایانە نەكردووە كە رۆژانە گەشتی وشكاییان هەیە بۆ شارەكانی توركیا بەڵكو كاریگەری گەورەی لەسەر نووسینگەكانی گەشتی نێوخۆی شارەكانی دهۆك و زاخۆش دروست كردووە.
خاوەنی نووسینگەی چیا بۆ گەشتوگوزار عەتا عوسمان بۆ ئانادۆڵو گوتی: "پێشتر رۆژانە حەوت تا دە گەشتی رۆژانەمان بۆ هەردوو شاری دهۆك و زاخۆ هەبوو بەڵام ئێستا رۆژانە زۆر بە ئەستەم تەنها گەشتێك رێك دەخەین كە ئەوانەش ئەو قوتابیانەن كە لە زانكۆكانی ئەو شارانە دەخوێنن".
خاوەنی ئەو نووسینگەیە بەردەوام چاوەڕوانی هەواڵی كردنەوەی ئەو دەروازەیە دەكات و ئاماژەی بەوەش كرد، ئاگەدارن ئەمڕۆ لە سەرێكی ئەو دەروازەیەوە دەست بەجووڵە و هاتوچۆ كراوەتەوە.