Sangar Hamad Azeez
29 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 30 کانوونی یەکەم 2015
وەزیری گومرگ و بازرگانی تورکیا بولەنت توفەنکچی تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لێدانی چاڵ و داخستنی شەقامەکان لەلایەن ئەندامانی پەکەکەوە زیانێکی زۆری بەر شۆفێرانی ناوچەکە گەیاندووە و گوتی: "بەهۆی باری ئەمنییەوە نزیکەی ١٠ رۆژە دەروازەی سنووری خابوور داخراوە. ئەم کارەش کاریگەری نەرێنی زۆر دەکاتەسەر هەناردەکردنی کاڵاکانمانەوە، رێکاری پێویستمان گرتۆتەبەر هەوڵ دەدەین دەروازەکان بەکراوەیی بهێڵێنەوە".
وەزیری گومرگ و بازرگانی تورکیا بولەنت توفەنکچی لە نووسینگەی تایبەت بەخۆی پێشوازی لە سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنەرانی رۆژهەڵاتی باشووری ئانادۆڵو عەبدولقادر چکماز و شاندی یاوەری کرد.
ناوبراو تیشکی خستەسەر ئەوەی کە لێدانی چاڵ و داخستنی شەقامەکان لەلایەن ئەندامانی پەکەکەوە زیانێکی زۆری بەر شۆفێرانی ناوچەکە گەیاندووە و گوتی: "بەهۆی باری ئەمنییەوە نزیکەی ١٠ رۆژە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل داخراوە. ئەم کارەش کاریگەری نەرێنی زۆر دەکاتە سەر هەناردەکردنی کاڵاکانمانەوە، بازرگانیکردنی تورکیا لە عەنتاب، ماردین، ئورفا و ئیستانبوڵ لەگەڵ عێراق پەکی کەوتووە. بۆ ئەم مەبەستەش رێکاری پێویستمان گرتۆتەبەر، هەوڵ دەدەین هەتا بکرێت دەروازەکان بەکراوەیی بهێڵینەوە".
بولەنت توفەنکچی گوتی: "لە ئایندەیەکی نزیکدا بەسەرکەوتوویی ناوچەکە لە ئەندامانی پەکەکە پاک دەکەینەوە و ناوچەکە ئارام دەبێتەوە".
ناوبراو هیوای خواست کە هەرچی زووە گرژییەکانی نێوان تورکیا لەگەڵ عێراق و رووسیا کۆتایی بێت و هەروەها لە زووترین کاتدا دەروازەی ئیبراهیم خەلیل بکرێتەوە و جارێکی دیکە دەست بە هەناردەکردنی کاڵاکانیان بکەن لەو دەروازەیەوە.