جيهان, تەندروستی, عێراق

هەرێمی کوردستان.. خاچی سوور پڕۆژەیەک بۆ ناوەندەکانی چاکسازیی ئەنجام دەدات

بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی تەندروستیی و چاودێریکردنی تەندروستیی سزادراوان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور و وەزارەتی تەندروستیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد.

Heman Hussein Yaseen  | 16.06.2020 - نوێکردنەوە : 18.06.2020
هەرێمی کوردستان.. خاچی سوور پڕۆژەیەک بۆ ناوەندەکانی چاکسازیی ئەنجام دەدات

Arbil

هەولێر - AA

بە مەبەستی پەرەپێدانی کەرتی تەندروستیی و چاودێریکردنی تەندروستیی سزادراوان لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور و وەزارەتی تەندروستیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کرد.

ناوەڕۆکی یاداشتنامەکە بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستیی لەنێو راگیراواندا لە رێگای چاودێریکردن و زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانی خول و راهێنان و پەرەپێدانی تواناکانییان بە ئاراستەی باشترکردن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، وەزیری تەندروستیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی ئاماژەی بە یاداشتنامەکە کرد و گوتی: "ئەمڕۆ ھەڵدەستین بە واژووکردنی پڕۆژەیەکی پێشەنگ بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی بۆ سزادراوان لە چاکسازی گەوران بۆ باشترکردنی چاودێری تەندروستیی سەرەتایی لە بواری پزیشکی و خولی راھێنان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاکسازی گەوران، ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لەگەڵماندا بووە لە قۆناغە جیاوازەکانیدا بۆ پێشکەشکردنی تیمەکانی تەندروستیی، ئاوارەکان و چاکسازییەکان ئەمە کارێکی مرۆڤدۆستانەیە و سوپاسیان دەکەین".

سامان بەرزنجی گوتیشی: "کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە چەند مانگی رابردوودا رۆڵێکی گەورەیان بینی لە دابینکردنی ماسک و پێداویستی پزیشکی لە گرتووخانە و چاکسازییەکان بۆ رێگریکردن لە سەرھەڵدانی ھەر جۆرە نەخۆشییەک وەکو بەشێکی گەورەی خۆپارێزی".

سەبارەت بە ناوەڕۆکی پڕۆژەکەش، سامان بەرزنجی گوتی: "ئامانجەکانی بریتیین لە بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستیی لەناو راگیراوەکان، خاچی سوور دەمێکە چاودێری رەوشی تەندروستیی دەکات، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە کە جگە لەوەی باری ئابووریی هەرێم لە دۆخێکی خراپدایە و پێویستمان بە رێکخراوەکانە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی، ئەوا رەوشی تەندروستییش جیاوازە بەراورد بە دوو مانگ پێش ئێستا".

لەبارەی ماوەی پڕۆژەکە و دابینکردنی بوودجەی پێویست، وەزیری تەندروستیی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی گوتی: "بوودجەکە دەوەستێتە سەر قۆناغەکانی کارکردن و سنووردار نییە بەپێی کات و قۆناغەکان بوودجە دابین دەکرێت، خولی راهێنان و چاککردنەوەی ئەو شوێنەنانەی پێویستی پێیەتی لەگەڵ دابینکردنی دەرمان و پێداویستییەکان خزمەتگوزاری تەندروستیی بۆ ناو چاکسازییەکانی هەرێم لەخۆ دەگرێت و پڕۆژەکەش ماوەی دوو ساڵە".

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەرپرسی لقی نێردەی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە ھەولێر، هیشام مەندوبی گوتی: "ئەمڕۆ ھەڵساین بە پێشکەشکردنی پڕۆژەیەک بۆ پەرەپێدان و چاودێریکردن کەرتی تەندروستیی لە ناوەندەکانی چاکسازیی کە ئەم پڕۆژەیە تاڕادەیەکی باش خزمەت بە کەرتی تەندروستیی و تەندروستی ھاووڵاتییان دەکات کە بۆ ماوەی دوو ساڵە و پڕۆژەیەکی گرنگە، ھیوادارین دوو ساڵی دیکە دەرەنجامەکەی ببینین و بەردەوامیش دەبین لە چاودێریکردنی رەوشی تەندروستییان".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن