Sarmand Hameed
21 ئادار 2020•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2020
هەولێر- AA
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان، سامان بەرزنجی ئاشكرایكرد ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە قۆناغێکی مەترسیداردایە.
سامان بەرزنجی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە پەیجی فەرمی وەزارەتی تەندروستیی بڵاویکردووتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنێو کۆمەڵگەدایه و رایگەیاندووە: "هەر بەرکەوتن و یەکتر بینینێک ئەگەری تووشبوون و بڵاوبوونەوەی هەیە بێ ئەوەی بیزانیت".
سامان بەرزنجی لهبارهی گرنگیی پابهندبوون به رێنماییه تهندروستییهكان، دەڵێت: "تاکە رێگە بۆ کۆنتڕۆڵکردن دانیشتنە لە ماڵهوه و دوورکەوتنەوەیە لە هەموو کەسێک".
ههروهها باسی لە رەوشی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کردووە و رایگەیاندووە: "ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لەژێر کۆنتڕۆڵدایە".
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان داوای لە هاووڵاتییان کردووە پابەندی رێنماییە تەندروسییەکان بن و رایگەیاندووە "پابەندبوونی هاووڵاتییان کوردستانمان دەپارێزێت".
به پێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، کۆی گشتیی حاڵهتهكانی تووشبوون به ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە هەرێم ٤٧ حاڵهته، لەنێویاندا یەک حاڵهتی مردن هەیە و ١٣ نەخۆش بەتەواوی چاکبوونەتەوە، و ئەوانی دیکەشیان لەژێر چاودێریی پزیشکییدان.