Fakhradin Ibrahim Mohammad
26 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ستایشی هێزە ئەمنییەکان دەکات کە رێگربوون لە کردەوەی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان و جەخت لەوە دەکاتەوە کە رێگە نادەن ئاسایش و ئارامی کوردستان تێک بچێت.
مەسرور بارزانی لە تویتێکدا، ئاماژە بە دەستگیرکردنی ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەکات کە ئەمڕۆ لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا.
سەرۆکوەزیران لە تویتەکەیدا ئەرکی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنێ و دەڵێت: "ستایشی ههوڵ و ماندووبوونی هێزهكانمان دهكهم بۆ رێگهگرتن لهو تۆڕهی، كه ویستییان كردهوهی توندوتیژی له ههرێمی كوردستان ئهنجام بدهن".
مەسرور بارزانی جەختیش لەوە دەکاتەوە کە "ئاشتی و ئاسایشی ههرێمی كوردستان، ههردهم كاری له پێشینهمانه و رێگه نادهین هیچ كهسێك تێكی بدات".
تویتەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دوای ئەو دێت کە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەستگیر کردنی سێ گرووپی تیرۆریستی راگەیاند کە گرووپێکیان سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەن و پیلانیان بووە هێرش بکەنە سەر کۆنسوڵخانەیەکی هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارێک. گرووپێکی دیکەش کە هەشت کەسیان لێ دەستگیرا کراوە، ئەندامەکانی هاووڵاتی عێراقین و هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستانیان داوە و لە بەرنامەیاندابووە کە هێرش بکەنە سەر چەند دامودەزگایەکی هەرێمی کوردستان.
بە پێی راگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، گرووپی سێیەمیش بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و سەربازيی لەبارەی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار دەکەن و زانیارییان لەگەڵ چەند لایەنێک لە نێویاندا پەکەکە، ئاڵوگۆڕ کردووە و توانراوە حەوت کەسیان لێ دەستگیر بکرێت.