تەندروستی, عێراق, کۆڤید- ١٩

رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان روو لە دابەزینە

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٩ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە.

Heman Hussein Yaseen  | 23.01.2021 - نوێکردنەوە : 24.01.2021
رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان روو لە دابەزینە

Arbil

ھەولێر - AA

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٩ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکەش له‌ هه‌ولێر تۆمار کراوە.

ئەوە بە نرمترین ئاستی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا هەژمار دەکرێت دوای ئەو شەپۆلە بەهێزەی تووشبوون کە هەرێمی کوردستانی گرتەوە.

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە کە تیاییدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەمیانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی سێ ھەزار و ١٤٤ پشکنین، ٤٩ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، ھاوکات لەو ژمارەیەش یەک کەس بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لەدەستداوە.

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:

لە ھەریەک لە پارێزگاکانی ھەولێر، سێ حاڵەت، سلێمانی شەش حاڵەت و، دھۆک ٣٨ حاڵەت و لە ئیدارەی گەرمیانیش دوو حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، هاوكات یه‌ك كه‌سیش به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ له‌ شاری هه‌ولێر گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

لە بەشێکی راگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٩٤٤ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە و، گەڕاونەتەوە نێو خێزانەکانییان.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٠٥ ھەزار و ٥٥٠ تووشبوو، لەنێویاندا سێ ھەزار و ٤٥٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە.

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە ھاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ و دانانی ماسک و دەستکێش، ھەروەھا لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın