Azad Mohammed Abdullah
22 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2018
دهۆک - AA
بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک، حەمزە رەزیکى رایگەیاند "ژمارەى دانیشتوانى پارێزگاى دهۆک زۆر لەوە زیاترە کە کەرتى تەندروستى بتوانێت وەک پێویست هەمووى کۆنتڕۆڵ بکات".
حەمزە رەزیکى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئامانجى بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک ئەوەیە بۆ هەر هەزار کەس، ١٤ پزیشک هەبێت خزمەتى تەندروستییان بکات، کەچى ژمارەى دانیشتوانى پارێزگاى دهۆک بە هۆى بوونى ژمارەیەکى زۆر ئاوارە و پەنابەرانەوە، زۆر لەو رێژەیە زیاتر بووە کە پێش چەند ساڵێک هەیبوو و لە ئێستادا، سێ هەزار پزیشکى گشتیمان پێویستە، بەڵام ٩٨٥ پزیشکى گشتیمان هەیە لە نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانى سنوورى پارێزگاکە".
گوتیشى: "جگە لە پزیشکانى گشتى، کەمى لە ژمارەى پزیشکانى ددان لە سەرتاسەرى پارێزگاى دهۆک کێشەیەکى دیکەیە و لە ئێستادا، تەنها ١٩٤ پزیشکى ددان لە دهۆک هەیە و لە کاتێکدا پێویستیمان بە ٤٣٢ پزیشک هەیە، بە هەمان شێوە ١٦٧ دەرمانساز رۆژانە لە سنوورى پارێزگاى دهۆک لە ئەرکدان لە کاتێکدا دەبێت ٢٦٣ دەرمانساز لە پارێزگاى دهۆک رۆڵیان هەبێت لە پاراستن و خزمەتکردنى هاووڵاتییان".
بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى پارێزگاى دهۆک نایشارێتەوە کە جگە لە پزیشک لە زۆرینەى نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان کارمەندى تەندروستى کەمە و لە تەواوى سنوورى پارێزگاى دهۆک، دوو هەزارو ٣٦٧ پەرستار هەیە لە کاتێکدا پێویستیمان بە سێ هەزارو ٩١٤ پەرستار هەیە کە پەرستاران وەک کارمەندێکى بنەڕەتى لە کەرتى تەندروستى هەژمار دەکرێن".
حەمزە رەزیکى دەڵێت "بۆ چارەسەرکردنى ئەم کێشە پێویستیمان بە دامەزراندنى پزیشک و کارمەندى تەندروستییە لە سنوورى پارێزگاى دهۆک، بۆ ئەوەى بتوانین وەک پێویست هەموو خزمەتگوزارییەک پێشکەش بە هاووڵاتییانى پارێزگاکە و ئاوارە و پەنابەرانى سنوورەکە بکەین".