Heman Hussein Yaseen
28 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
بەمەبەستی پێدانی راوێژ و دابینکردنی چارەسەری پێویست بۆ منداڵان. بەھاوکاری رێکخراوی GIZ ی ئەڵمانی بەشی راوێژکاری لە نەخۆشخانەی لەدایک بوون و منداڵان لە ھەولێر کرایەوە و، لە رێوەسمێکدا وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێـمی کوردستان سامان بەرزنجی وێرای باسکردن لە گرنگی کردنەوەی بەشی راوێژکاری، ئاماژەیشی بەوەکرد کە دابەزینی رێژەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ھۆکارەکەی خۆپارێزییە و، داوایشی لە ھاووڵاتییان کرد زیاتر پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسەکە.
لە رێورەسمی کردنەوەی بەشی راوێژکاری لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر دلۆڤان محەمەد فاتیح ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم بەشە وەک پێویست چارەسەری کێشە و گرفتەکان دەکات و گوتیشی: "نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵان، خزمەتی بەردەوام دەکات لە پێشکەشکردنی ھاوکاری تەندروستی و ساڵانە ژمارەیەکی زۆری ئافرەتان لێرە ھەم راوێژی تەندروستییان پێشکەشکراوە و، ھەم نەشتەرگەری و لەدایکبوونی ئاسایی ئەنجام دراوە، ئەم بەشەش لەلایەن رێکخراوی GIZ ی ئەڵمانی کراوەتەوە و لە داھاتووشدا خزمەتێکی زۆری تەندروستی دەکات".
ھەر لە رێورەسمەکەدا، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سامان بەرزنجی گوتی: "ھاوکاری یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیا بەتایبەتی لە کەرتی تەندروستی سوودی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەبووە، بەتایبەتی لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی یەکە تەندروستییەکان، ھاوکات ئەم بەشە (بەشی راوێژکاری) فشارێکی زۆری نۆرینگە و یەکە تەندروستییەکان کەم دەکاتەوە و ھاووڵاتی سوودی زۆر لە خزمەتێکی فراوانی ئاستی بەرزی خزمەتگوزارییەکان وەردەگرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەبارەت بە دۆخی تەندروستی و بە تایبەت رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئامارەکانی ئەم دواییە، سامان بەرزنجی گوتی: "پێویستە ئێستا زیاتر بەرەنگاری ڤایرۆسەکە ببینەوە و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بین و خۆمان بپارێزین تا جارێکی تر ژمارەی تووشبووان بەرز نەبێتەوە، چونکە ئێستا ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کەم بووەتەوە و ئەمەش ھۆکاری خۆپارێزی ھاووڵاتییانە و پێویستە زیاتر خۆپارێزی بکەن".
ئامانج لە کردنەوەی بەشی راوێژکاری لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی ھەولێر، پێدانی رێنماییە بە دایکان لەسەر چۆنیەتی ئاگاداربوون لە تەندروستی منداڵەکانیان و چاودێریکردنیان تا تەمەنێکی دیاریکراو.