Berk Özkan,Semra Orkan
15 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووزەوە گوتی،"لێپرسینەوەی ئەم ریسواییەمان لەگەڵ ھەموو ئەو ناپاکانەی کە گرتوومانن و دەستنیشانمانکردوون ئەنجامدا و بەردەوام دەبین لە لێپرسینەوە".
ئەردۆغان، بەبۆنەی "١٥ی تەمووز رۆژی دیموکراسی و یەکێتی گەل" گوتارێکی پێشکەشکرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ھەر تاکێکی گەلەکەمان بە درێژایی نەوەکان، ھەرچەند ئەم ناپاکییە بێوێنەیە بەبیری بێتەوە، زیاتر پەیوەستی سەروەریی و داھاتوومان دەبێت".
ئەردۆغان، گوتیشی، "ئێمە ھەزار ساڵە باجی درووستکردنی وڵات و ھێشتنەوەی وڵات لە جوگرافیایەک کە باشترینە لەلایەن ھەموو وڵات و کۆمەڵگەی جیھان، دەدەین".
سەرکۆماری تورکیا راشیگەیاند کە ئەم ھەوڵی کودەتایە، وەک بەڵگەیەکی وانە لێوەرگرتن شوێنی لە مێژووى وڵاتەكەدا گرتووە و گوتی، "ئەو ھێرشانەی کە لە ماوەی ھەشت ساڵی رابردوودا رووبەڕوومان بووەتەوە، ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە بەرەنگاربوونەوەمان لە پێناو وڵاتەکەمان بەردەوام دەبێت".
ئەردۆغان گوتیشی، "ئامانجی ئەو سیناریۆیانەی کە لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە بە شاراوەییەوە خراونەتەڕوو، بۆ چۆکپێدادانی وڵاتەکەمان، دیلگرتنی گەلەکەمان و تاڵانکردنی خاکەکەمانە".
سەرکۆماری تورکیا، لە بارەی کودەتاچییەکانەوە گوتی، "دوێنێ سەرنەکەوتن، ئەمڕۆش سەرنەکەوتن، پەنا بەخودا سبەینێش سەرناکەون، نابنە رێگر لە بەردەم بنیاتنانی تورکیای گەورە و بەھێز".
ئەردۆغان جەختی لەوەشکردەوە کە "ئەوانەی بە بەکارھێنانی رێکخراوی تیرۆریستی ھەڕەشە لە خاکی تورکیا دەکەن، لەوە تێنەگەیشتوون کە لە رێگەی کردەوەکانیانەوە برایەتی نێوان رۆڵەکانیان پتەوتر کردووە" و گوتیشی: "ئەوانەی کە ھەوڵیاندا لە رێگەی رووداوەکانی گێزییەوە کەلێنی کۆمەڵایەتی درووستبکەن، لە راستیدا ئەوەیان نەبینی کە پێکوتەی یەکێتیی و پێکەوەبوونیان لە جەستەمان داوە".