Ferdi Türkten
10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2020
ئەنقەرە - AA
سەركۆمارى توركيا، رەجەب تەيب ئەردۆغان پەيامێكى پيرۆزبايى ئاراستەى سەرۆكى هەڵبژێردراوى ئەمريكا، جۆ بايدن كرد.
بەگوێرەى راگەیەنراوێکی فەرمانگەی پەيوەندييەكان لە سەرۆكايەتى كۆمارى توركيا، رەجەب تەيب ئەردۆغان هيواى خواستووە كە ئەنجامى هەڵبژاردنەكان ببێتە مايەى خۆشى بۆ خەڵكى ئەمريكاى دۆست و هاوپەيمان.
رەجەب تەيب ئەردۆغان لە پەيامەكەيدا نووسيويەتى "هەرچۆن لەو كاتەى كە جێگرى سەرۆك بوون لە چەند بۆنەيەكدا باسمان لێ كردبوو، پەيوەندى نێوان توركيا و ئەمريكا، سروشتێكى ستراتيجیی هەيە و لەسەر بنەمايەكى ریشەدار بونياتنراوە".
لە پەيامەكەى سەركۆمارى توركيا، رەجەب تەيب ئەردۆغان-دا هاتووە:
"لەو بەرەنگارییانەی كە رۆژانە لەسەر ئاستى جيهان و ناوچەکە رووبەڕوومان دەبێتەوە، بە پێويستی دەزانم کە پەيوەندييەکانمان پاڵپشت بە بەرژەوەندى و بەها هاوبەشەكان، پتەوتر و بەهێزتر بكەين. سووربوونى خۆمان نوێدەكەينەوە لەسەر كاركردن بەو ئاراستەيە و بە شێوەيەكى پتەو لەگەڵ ئيدارەى ئەمريكا لە قۆناغى داهاتوودا، دڵنیام کە هەماهەنگى بەهێز و پەيوەستى هاوپەيمانیی نێوانمان، بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنى خزمەتى هەميشەيى بە ئاشتى جيهانیی. پيرۆزبايى سەركەوتنتان لە هەڵبژاردنەكان دەكەم. لە ناخەوە هيواى خۆم بۆ ئاشتى و خۆشگوزەرانى خەڵكى ئەمريكا ئاراستەتان دەكەم".