10 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2020
ھەولێر - AA
بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "پەکەکە لە دەستپێکی دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا نەیتوانی وەکو ھێزێکی نەتەوەیی درێژە بە خەباتی سیاسی و ئازادیخوانە بدات و لە گۆڕەپانی راستەقینەی خۆیدا نەخشی ھەبێت".
ئەمڕۆ سێشەممە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە راگەیەندراوێک وەڵامی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکەی دایە و رایگەیاند کە "پەکەکە و ھەموو ئەو تایتڵ و ناوانەی تر کە دەچنەوە سەر پەکەکە، دەبێ ئەو راستییە بزانن، کە خەڵکی تێکۆشەر و دڵسۆزی کوردستان لە ماھیەت و ھەقیقەتی پەکەکە تێگەیشتوون".
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە "لە دوای سەرپێکەوتنی تا ئێستا ھیچ کاتێک ئارمانجی پرسی کورد نەبووە، ئەگەر لە شوێنێکیش پرسی کوردی خستبێتە نێو رستەوە، ئەوا ھەر بۆ سەرگەرمکرن و جوانکردنی پەرەگرافە سیاسی و میدییاییەکانی بووە و ھیچی تر".
دەقی وەڵامەکەی بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان:
کۆمیتەی بەرێوەبەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە (٤٢) چل و دووەمەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا و، ھەروەھا (زۆزان چەولیک) لە ناوەندیی پاراستنی گەل (نەپەگە)، بە ھەڵچونێکی زۆرەوە، دوور لە لۆژیک و واقیعبینی باس لە پرسگەلێکی پەیوەند بە ھەرێمی کوردستان، ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەن، تایبەت لە شیکردنەوەی ڕووداو و ھەروەھا ئیستفزاز و شەڕپێفرۆشتنەکانی پەکەکە بە ھەرێمی کوردستان، وەک ھەمیشە کەوتوونەتە ناو ھەڵەی مێژوویی و سیاسی و تەنانەت ھەڵەی چاندیشەوە.
زۆر بە پوختی، کورت و رەوان دەمانەوێت بڵێین:
پەکەکە و ھەموو ئەو تایتڵ و ناوانەی تر، کە دەچنەوە سەر پەکەکە، دەبێ ئەو ڕاستییە بزانن، کە خەڵکی تێکۆشەر و دڵسۆزی کوردستان لە ماھیەت و ھەقیقەتی پەکەکە تێگەیشتوون و دەزانن، بۆچی و بە چ مەرامێک، ئەو مەرامەی کە خزمەت بە ناحەزانی گەل دەکات، پەکەکە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتی لە باکووری کوردستان جێھێشتووە و ھاتۆتە باشووری کوردستان و گێچەڵ و شەڕ بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمییەکانی دەفرۆشێت.
ڕاستییەکی دیرۆکی ھەیە، کە پێویستە باسی بکەین، ڕاستییەکەیش ئەوەیە، کە پەکەکە لە دەستپێکی دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا نەیتوانی وەکو ھێزێکی نەتەوەیی درێژە بە خەباتی سیاسی و ئازادیخوانە بدات و لە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خۆیدا نەخشی ھەبێت، نەخشێک، کە لەسەر کۆڵەگە دیموکراسی و مۆدێرنەکانی ژیانی سیاسیی ھاوچەرخ نەخشێندرا بێت، تا سەرنجی دونیای نوێ بە لای خۆیدا ڕابکێشێت و دۆست و پشتیوان بۆ دۆزی ڕەوای گەل کۆبکاتەوە، کەچی پەکەکە نەک ھەر نەیویست ئەو ڕۆڵ و نەخشە ببینێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ڕۆڵێکی نێگەتیڤی ئەوتۆی گێڕا، کە باسکردنی زۆری دەوێت و لێرە تەنیا ئاماژە بۆ ئەو ڕۆڵە نێگەتیڤە دەدەین، کە بریتیە لە شەڕفرۆشتن بە خەڵکی کوردستان و دژایەتیکردنی پەرلەمان و حکومەتی بە دیموکراسیی ھەڵبژێردراوی ھەرێمی کوردستان، کە ھەر لە ڕۆژی دامەزراندییەوە و، لەو کاتەی کە گەلی کوردستان ھێشتا ھەر لە نێو کەشی سەرھەڵدان و ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی (١٩٩١) دابوو و تا ئێستایش ھەر بەردەوامە !..
پەکەکە لە دوای سەرپێکەوتنی تا ئێستا ھیچ کاتێک ئارمانجی پرسی کورد نەبووە، ئەگەر لە شوێنێکیش پرسی کوردی خستبێتە نێو ڕستەوە، ئەوا ھەر بۆ سەرگەرمکرن و جوانکردنی پەرەگرافە سیاسی و میدییاییەکانی بووە و ھیچیتر ، ئەگینا پەکەکە تەنھا یەک ئارمانجی ھەبووە، ئەویش سەپاندنی ھەژموونی خۆی لەسەر تەواوی بزاڤی کورد، ھەژمونێک دوور لە دیموکراسی و شەرعیەتی یاسایی و، دوور لە چەمکەکانی ژیانی مۆدێرنی سیاسیی ھاوچەرخ.
پەکەکە لەنێو خۆیدا، ھەروەھا لەنێو پارتە کوردییەکانیشدا، تەنھا ڕۆڵی لێدانە لە کەسایەتییە نەتەوەییەکان، لێدان تا ڕادەی ناوزڕاندن، پاکتاوکردن و تیرۆرکردنیان و، ئەوانەی ئاگایان لە مێژوو و فاکت و زانیارییەکانە باش ئەو ھەقیقەتە تاڵە دەزانن !.. پەکەکە، کە گۆڕەپانی ڕاستەقینەی خەباتی جێھێشتبێت، کە دوور بێت لە پرەنسیبەکانی کاری دیموکراسی، کە شەڕی خەڵک و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکات و ، نەتەوە و خاک و زمان و ئاڵای کوردستان خەمی ئەو نەبێت، ھەموو ئەمانە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن، کە پەکەکە کەوتۆتە خزمەت ئەجێندا ھەرێمییەکان و بە خراپترین شێوە لەلایەن ھێزە ھەرێمییەکانەوە بەکار دەھێنرێت!..
سیاسەتی پەکەکە سیاسەتێکی نانەتەوەییە، پەکەکە چەندین جار بۆتە ھۆی شەڕ و خوێنڕشتنی کورد و زیانی مەزنی لە دۆزی ڕەوای کورد داوە، سووربوونیشی لەسەر ھەمان سیاسەتی نانەتەوەیی، بۆ گشت دڵسۆزان و دیموکراتخوازان بۆتە جێی پرسیار و گومان، پرسیار و گومانێک کە ڕۆژ بە ڕۆژ پەکەکە لاوازتر دەکات !.. لاوازبوونێک کە تادێت پەکەکە زیاتر دەخاتە باوەشی ناحەزانی کورد و کوردستان و، ئەوانیش کاری سەیری پێ دەکەن، کارگەلێک کە لە ھیچ لۆژیکێکدا جێگەی نابێتەوە، لەوانە: ڕفاندنی منداڵ، تێکدانی پرد، خراپکردنی گوند و ئەزیەتدانی جوتیار و وەرزێر و سوتاندنی ڕەز و باخەکانیان و، تا دەگاتە وەستانەوە بە ڕووی پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە دەسکەوتی خوێنی ئاڵی شەھیدان و خەباتی پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکان و ڕەنجی لەبن نەھاتووی گەلی کوردستانە .
دوای دروستبوونی قەوارەی شەرعی ھەرێمی کوردستان، پەکەکە سیاسەتی دژە پارتی و بارزانی گرتەبەر و جێبەجێکرنی گشت پیلان و سیاسەتەکانی لەو بوارەدا گرتۆتە ئەستۆ، چوار جەولەی شەڕی پەکەکە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە ساڵانی نەوەدەکان بەسن و بەڵگەن بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە حاشاھەڵنەگرەی، کە پەکەکە ئامادەکاریی بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕێکی تازە دەکات، شەڕێک کە بەر لە ھەر لایەنێک خۆی زەرەری لێ دەکات و باجەکەی دەدات!..
بەشی رۆژنامەوانیی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
١٠ـی١١ـی٢٠٢٠