Sarmand Hameed
15 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2021
هەولێر - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، کارنامەی باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە بەغدا،مارک برایسۆن ریچاردسۆن وەرگرت و لەو چوارچێوەیەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و گرنگی بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لەبوارە جیاجیاکاندا.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە میانی دیدارەکەدا، بەرهەم ساڵح جەختیکردەوە کە عێراق کار دەکات بەئاڕاستەی ھێنانەکایەی پەیوەندی ھاوسەنگ لەسەر بنەمای کارکردنی ھاوبەش لەگەڵ دۆستەکانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە ئامانجی چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا و کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاڵپشتیکردن لە ھەماھەنگی ئابووری و بازرگانی و تەندروستی و ژینگە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەگژداچوونەوی ئاڵنگارییەکانی تیرۆر و توندڕەوی.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی نوێی بەریتانیا لە بەغدا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق و خواستی پتەوکردنی ھاوکاری و ھاوئاھەنگی لەبوارەکانی ئابووری و رۆشنبیری و پشتیوانی لە وەبەرھێنان و برەودان بەدەرفەتی گەشەپێدان و پێشکەوتن بۆ عێراق دووپاتکردەوە.