Bekir Aydoğan
15 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2021
ھەولێر -AA
کۆنسوڵخانەی گشتیی تورکیا لە ھەولێر بۆ یادکردنەوەی شەھیدانى رۆژی دیموکراسی و یەکێتی گەلی ١٥ی تەمووز، چالاکییەکی ئەنجامدا.
چالاکییەکە،لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو و بە ساتێک وەستان بۆ گیانی شەھیدان و گوێگرتن لە سروودی نیشتمانیی تورکیا دەستیپێکرد.
چالاکییەکە بە ئامادەبوونی ھەریەک لە کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای و راوێژکاری وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، کامیل کۆڵەباش، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق، ئایدن مەعروف و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قاوەچی و بەڕێوەبەری گشتی بەشی پەیوەندییەکانی تورکیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، عەبدولسەلام رەشید و سەرۆکی نوێنەرایەتی مانگی سووری تورکیا لە عێراق، یونس یازیجی و بەرپرسانی ئاژانسی ھاوکاری و ھەماھەنگی تورکیا TİKA و وەقفی مەعاریفی تورکی، پەرلەمانتارە تورکمانەکان، سەرۆک و ئەندامانی پارتە سیاسییەکان و ھاووڵاتییان بەڕێوەچوو.
کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، ھاکان کاراچای، لە گوتارێکیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە ھەوڵی کودەتا ناپاکەکەی ١٥ی تەمووزی ساڵی ٢٠١٦، لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی فەتۆوە پلانی بۆ داڕێژراوە و بە دزەکردن بۆ ناو سوپای تورکیا، ھێزیان بۆ دەرەوە دەرکرد، تاکو ئەمڕۆ خوێناويترین ھێرشی تیرۆریستییە کە تورکیا رووبەرووی بوەتەوە.
هاکان کاراچای گوتی: "تیرۆریستان لە بەرامبەر ئیرادەی بەھێزی خەڵکی تورکیا دۆڕان. خەڵکی تورکیا بەوانەیان گوت کە دەیانویست ئیرادەیان بدزن، تورکیا نابەزێت. ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز، رێکخراوی تیرۆریستیی فەتۆ کە لەلایەن فەتحوڵڵا گولەنەوە سەردەستەیی دەکرا، بە روونی ھەڕەشەی گەورەی بەرامبەر دەوڵەت و گەلەکەمان خستەڕوو".
- "ئێمە وەکو تورکمانەکانی عێراق، لە ھەر کات و ھەر شوێنێک لە پاڵ کۆماری تورکیاداین"
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا قاوەچی، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، گوتی، "ئەم جۆرە رووداوانە تورکیایان نەڕووخاند و ناتوانێت بیروخێنێت. بەبێچەوانەوە بەھێزتری کرد".
لەلای خۆیەوە راوێژکاری وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا، کامیل کۆڵەباش، گوتی، "ئەمە ھەوڵێکی ناپاکانە بوو، یارییەکی شاراوە بوو. وەکو ھەموو جارێك گەلی تورک بەسەریدا سەرکەوت".
ھاوکات، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق، ئایدن مەعروف، گوتی: "بەڕاستی رۆژێکی گرنگە. سەرکەوتنێکی گەورەی ئیرادەی خەڵک بوو لەبەرامبەر ناپاکەکان. بووە سەرکەوتنی ئیرادەی دیموکراسی و خەڵک. ئێمە وەکو تورکمانەکانی عێراق، لە ھەر کات و ھەر شوێنێک لە پاڵ کۆماری تورکیاداین".
چالاکییەکە، بە نیشاندنی کورتە فیلمێک لە بارەی رووداوەکانی شەوی کودەتاکە و پێشانگایەکی ئاژانسی ئانادۆڵو کە وێنەی شەوی رووداوەکەی تیادا نمایشکرابوو، کۆتایی پێھات.