Muhammet Ali Kemal
23 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2017
ئەنقەرە- AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن رایگەیاند: ''ئەو پەیامەی لە ئەنجامی دەنگداندا لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچوو، روون و ئاشکرایە و مانای ئەوەیە کە قودس تەنها نییە و لە سەدەی ٢١دا سیاسەتی ترساندن، شانتاژ، داگیرکاریی و دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکان نابێتە حاڵەتێکی ئاسایی''.
ئیبراهیم کاڵن گوتارێکی لەژێر ناونیشانی ''قودس تەنها نییە'' لە رۆژنامەی دەیلی سەباحدا بڵاوکردەوە.
کاڵن لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەم لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژێکی مێژووییە و زۆرینەی زۆری ئەندامان بڕیارە تاکلایەنەکەی ئەمریکایان بۆ ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل رەتکردەوە و داوایان لە هەموو وڵاتان کرد کە ''پابەندی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بن و خۆیان بە دوور بگرن لەو هەنگاوانەی کە پێشێلی ئەو بڕیارانە دەکات''.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە سەرکۆماری وڵاتەکەی، رەجەب تەیب ئەردۆغان بانگێشتی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامیی بۆ لووتکەیەکی نائاسایی لە رۆژی ١٣ی کانوونی یەکەمدا لە ئیستانبوڵ کردووە، کاڵن لە گوتارەکەیدا رایگەیاندووە ''لەمیانی لووتکەکەدا ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکردووە کە جیهانی ئیسلامی بابەتی قودس بە سووکی وەرناگرێت و هەموو هەوڵەکان دەخرێتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو سیاسەتە تاکلایەنانەی کە لە دژی قودس و حەرەمی شەریف بەڕێوەدەچن، رابگیرێن''.
ئیبراهیم کاڵن جەختی لەوەکردووەتەوە کە بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوە ئاشکرادەکات کە چارەسەر لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت هیچ جێگرەوەیەکی نییە و پێویستە ئیسرائیل واز لە سیاسەتی داگیرکاریی و تاڵانکردن لەسەر خاکی فەڵەستین بهێنێت، بە پێویستیشی زانیوە ئەمریکا لەجیاتی ئەوەی پشتیوانیی ئەو داگیرکارییە بکات، ئەو هێزەی کە هەیەتی لەپێناو چارەسەر لەسەر بنەمای دوو دەوڵەت لەچوارچێوەی سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧، بەکاری بهێنێت.
کاڵن تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ئیدارەی ترەمپ ناتوانێت لەلایەکەوە کاغەزی سپی بخاتە بەردەم ئیسرائیل و لەلایەکی دیکەشەوە بانگەشەی ئەوە بکات کە نێوەندگیرێکی سەرڕاستە، هەروەک ناتوانێت لەرێگەی هەڕەشە و شانتاژەوە متمانەی فەڵەستینییەکان و جیهانی ئیسلامی بەدەستبهێنێت، و بە لایەنگیرییکردن بۆ ئیسرائیل پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی هیچ بەرەوپیشچوونێک بەخۆوە نابینێت.