Abdullah Shukur,1 23
24 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2018
ئەنقەرە-AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن رایگەیاند، تورکیا بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆ ئەمەش وەرگرتنی مۆڵەت لە ئیسرائیل یان وڵاتێکی دیکە، جێگەی باس نییە.
ئیبراهیم کاڵن لەدوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرۆکایەتی کۆمار وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنوسانی دایەوە.
کاڵن لەبارەی جموجۆڵی بازاڕ لە تورکیا رایگەیاند: "لەنێو بازاردا تاڕادەیەک ئارامی هەیە و کەشوهەوایەکی ئەرێنی و جموجۆڵێک دەستی پێکردووە، ئەمە دەبینین".
کاڵن لەبارەی رەوشی شاری ئیدلب و ناوچەکانی دەوروبەری گوتی: "لەناوچەی ئیدلب، ١٢ خاڵی چاودێری سەربازییمان هەیە. لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئیدلبدا بوونی سەربازەکانمان لەوێ درێژە پێ دەدەین. سەربازەکانمان بەردەوام دەبن لە مانەوەیان لەوێ. بەو چەشنە، لەگەڵ یەکە خۆجێیەکانی ئەوێ، بەردەوام دەبن لە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و دەوروبەری ئیدلب".
ئیبراھیم کاڵن لەبارەی پرسی رۆژھەڵاتی دەریای سپی گوتی: "تاوەکو ئەمڕۆ رێگەمان نەداوە، ئەو مافانەمان پێشێل بکرێت کە گونجاون لەگەڵ یاساکانی نێودەوڵەتی، لەمەودواش رێگە بە پێشێلکردنی ئەو مافانە نادەین"
ئیبراھیم کاڵن رایگەیاند تورکیا بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. بۆ ئەمەش وەرگرتنی مۆڵەت لە ئیسرائیل یان وڵاتێکی دیکە، جێگەی باس نییە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن لەسەر پرسی بەرەنگاری داعش گوتی: "هیچ پاشگەزبوونەوەیەک لە بەرەنگاربوونەوەی داعش نەبووە، هەرگیز خاوبوونەوە، وەستان، شکست، بوونی نییە".
کاڵن باسی لە بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کرد و گوتی: "ئەم ھەفتەیە، شاندێکی ئەمریکی سەردانی تورکیا دەکات، لەگەڵ ھاوتا تورکەکانیان باسی پرسی ھاریکاری لەمبارەیەوە دەکەن".
ئیبراھیم کاڵن لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەردۆغان و ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندی تەلەفۆنی ١٤ی کانوونی یەکەم، گفتوگۆیەکی مێژوویی بوو. ئەو بابەتەی کە زۆربەی جار بەرێز سەرکۆمارمان باسی لێوە کردووە، بووەتە رێنمایی سیاسی، ئەمەش زۆر گرنگە، و گوتی "سەرکۆمارمان، ئەمەی بە روون و ئاشکرایی گوتووە، بۆ سەرکەوتن بەسەر داعشدا و پاککردنەوەیان لە ناوچەکەدا، وەک تورکیا و ئەمریکا، ئێمە پێویستمان بە رێکخراوی تیرۆریستی پەیەدە/یەپەگە نییە. ئێمە وەک تورکیا و ئەمریکا دەتوانین ئەمە بکەین. دەتوانین سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگێڕینەوە. بەو چەشنە لەرووی یەکپارچەیی خاکی سووریاوە هەنگاوێکی گرنگمان ناوە، هاوکات پرسی رێکخراوی تیرۆریستی پەیەدە/یەپەگە/پەکەکە چارەسەر دەکەین کە بوونەتە کێشەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمان. ئەم داواکارییە تازە نییە، پێشتریش کراوە. بەڵام یەکەمجارە، وەڵامی دەبێت، و دەکرێتە راسپاردە. هاوکات لەسەر بانگهێشتی سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان، لە ساڵی ٢٠١٩ دا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەردانی تورکیا دەکات".
ئیبراھیم کاڵن لەبارەی کڕینی سیستەمی پاتریۆتەوە گوتی: "ئێمە دەرگامان دانەخستووە لەسەر کڕینی پاتریۆتەکان. ئێمە وەک تورکیا دەتوانین ھەڵسەنگاندن لەسەر ئەمە بکەین، ناوەڕۆک و بەھای ئەو داواکارییەی کە پێشکەشمان دەکرێت گرنگە".
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لە بەرامبەر گوتەکانی ھەردوو ھونەرمەندی تورک، مەتین ئاکپنار و موژدات گەزان لە بەرامبەر سەرکۆماری تورکیا گوتی: "ئەوانەی ئەم وتانەیان گوتووە تەنھا سووکایەتیان بە خودی سەرکۆمار نەکردووە، بەڵکو لەھەمان کاتدا بێڕێزیان بەرامبەر ئیرادەی ئازادی ملیۆنان کەس کردووە کە دەنگ و دڵیان بە ئەو (ئەردۆغان) داوە".