Tuğçenur Yılmaz,Zuhal Demirci,Tevfik Durul,Muhammet İkbal Arslan,Mehmet Alaca,Rewa Mahmood Hasan
13 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2019
ئه‌نقه‌ره - AA
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مه‌ولود چاوش‌ئۆغڵو رایگەیاند "هاریکاری نزیکی فەڕەنسا لەگەڵ یەپەگە بەڕاست نازانین. هاریکاریکردن لەگەڵ یەپەگە لە فەرەنسا ناوەشێتەوە".
مەولود چاوش‌ئۆغڵو و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا، جان ئیڤ لۆدریان دوای ئه‌وه‌ی له بینای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبوونه‌وه‌ی دووقۆڵی و نێوان شانده‌كانیان ئه‌نجامدا، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان رێكخست.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ده‌ستخۆشی له فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ن بۆ ئه‌و رێوشوێنانه‌ی له‌باره‌ی ئه‌ندامانی په‌كه‌كه گرتوویه‌ته‌به‌ر و گوتی: "له فه‌ڕه‌نسا تیرۆریستانی ئه‌ندامی په‌كه‌كه هه‌ن كه ده‌ستبه‌سه‌رن. دووباره ده‌ستخۆشی له فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ین له‌و هه‌نگاوانه‌ی گرتوویه‌ته‌به‌ر له‌باره‌ی هه‌ندێک له ئه‌ندامانی په‌كه‌كه و بلۆککردنی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی پشتیوانی له په‌كه‌كه ده‌كه‌ن".
مەولود چاوش‌ئۆغڵو باسی له‌وه كرد كه له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسادا له‌باره‌ی سووریا جگه له یه‌ك بابه‌ت بۆچوونیان به ته‌واوه‌تی یه‌كده‌گرنه‌وه و له‌گه‌ڵ فه‌ڕه‌نسادا به‌یه‌كه‌وه كاریان كردووه له‌باره‌ی هه‌موو بابهتهكان به دۆخی گۆڕه‌پانه‌كه و قۆناغی سیاسیی، شه‌ڕه‌نگێزی رژێم و یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریاشه‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا سه‌باره‌ت به هاریكاریکردنی فه‌ڕه‌نسا له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه رایگه‌یاند "به‌ڵام هاریکاری نزیکی فەڕەنسا لەگەڵ یەپەگە كه هیچ جیاوازییه‌كی نییه له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه بەڕاست نازانین و ده‌بینین كه ئه‌وه له زۆر بابه‌تدا ره‌نگیداوه‌ته‌وه به هاریكاریکردنی ناتۆشه‌وه. یه‌په‌گه یه‌كسانه به په‌كه‌كه. له‌به‌رئه‌وه له فەڕەنسا ناوەشێتەوە له‌كاتێكدا ئه‌و رێوشوێنانه به‌رامبه‌ر په‌كه‌كه ده‌گرێته به‌ر له لایه‌كی دیكه‌وه له هاریكاریکردنی نزیكدا بێت له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه. ئه‌وه مه‌ترسییه بۆسه‌ر داهاتووی سووریا، یه‌كپارچه‌یی سنوور و خاك. هه‌روه‌ها بابه‌تێكی هه‌ستیاره بۆ ئاسایشی سنوور، وڵاته‌كه‌مان و ئاسایشی گه‌له‌كه‌مان".
- بانگه‌شه‌ی ئاگربه‌ست له ئیدلب
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مەولود چاوش‌ئۆغڵو باسی له‌وه كرد كه ئه‌وه‌ی كه‌وتووه‌ته سه‌رشانیان له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی یاداشتنامه‌ی ئیدلب به ته‌واوه‌تی به‌جێگه‌یاندووه، ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه رژێم باوه‌ڕی به چاره‌سه‌ری سه‌ربازییه نه‌وەك چاره‌سه‌ری سیاسیی.
مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا لەم ماوەیەی دواییدا پەلامارەکانی رژێم بۆسەر ئیدلب زیادی کردووە، بەتایبەت خوێندنگە و نەخۆشخانە و کەسانی مەدەنی دەکاتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی تورکیا باس لەوە دەکات بۆ وەستاندنی پێکدادانەکان لەگەڵ رووسیا لە هەوڵێکی چڕدان و گوتی: ''ناتوانین ئێستا بڵێین ئاگربەستی تەواو راگەیەندراوە، بەڵام لەوبارەیەوە لەگەڵ رووسیا هەوڵی شێلگیرانە و دڵسۆزانەمان بەردەوامی هەیە".
- پەلاماردانی خاڵێکی چاودێری سوپای تورکیا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا، مەولود چاوش‌ئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر دەیەمین خاڵی چاودێری تورکیا و بە هۆیەوە سێ سەرباز بە سووکی برینداربوون و گوتی: ''پێمانوایه كه پەلامارهكان به ئه‌نقه‌ست بوون، لەگەڵ رووسیا باس لەمانە دەکەین، ئەگەر رژێم درێژه‌ی دا بەمانە، وه‌ڵامی پێویستمان ده‌بێت".
مەولود چاوش‌ئۆغڵو هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت رووسیا و ئێران وەک وڵاتانی زامنی ئاشتی ئاستانا، فشارەکانیان بۆسەر رژێم زیاد بکەن تاکو ئەم هێرشانە بوەستێنێت.
لای خۆیەوە وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا، جان ئێف لۆدریان لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی لە میدیای یۆنان‌دا بڵاودەبنەوە سەبارەت بە کردنەوەی بنکەیەکی سەربازی فەڕەنسی لە بەشە یۆنانیەکەی قوبرس و جێگیرکردنی هەمیشەیی سەربازەکانیان گوتی: "پێشنیازێكمان نه‌بووه وه‌ك جێگیركردنی بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیی یان یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازیی (فه‌ڕه‌نسا) له قوبرس. راگه‌یاندنی رۆمی به‌هه‌ڵه‌دا چووه".
جان ئیڤ لۆدریان لەبارەی رەویشی ئیدلب-ەوە نیگەرانی خۆی دووپاتکردەوە و گوتی: "پاڵپشتی لە توركیا ده‌كه‌ین له‌باره‌ی ئیدلب. ده‌بێت ده‌سته‌به‌ری ئاگربه‌ست بكه‌ین".