Islam Doğru
09 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2022
نیویۆرک-AA
پێشانگای Istanbul Photo Awards 2022 کە ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ پێشبڕکێی هەواڵی فۆتۆگرافی نێودەوڵەتیی ئەنجامی دەدات، لە نیویۆرک کرایەوە.
پێشانگاکە بە سەرپەرشتیی نوێنەرایەتیی هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان و بە بەشداری ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ئاژانسی ئانادۆڵو، یوسف ئۆزکڕ، رێکخەری بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئۆغوز کاڕاکاش و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و براندی ئاژانسی ئانادۆڵو، موڕاد سۆڵاک کرایەوە.
نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، فەرەیدون سینیرلیئۆغڵو کە بەشداریی لە کردنەوەی پێشانگاکەدا کرد و لە لێدوانێکدا گوتی: "خۆشحاڵین کە دەبینین ئارەزووی بەشداریکردن لە پێشبڕکێی فۆتۆگرافی کە ساڵانە لەلایەن ئاژانسی ئانادۆڵوەوە رێکدەخرێت، زیادیکردووە".
سینیرلیئۆغڵو پیرۆزبایی لەو فۆتۆگرافەرانە کرد کە کارەکانیان لە پێشانگاکەدا نمایشکراوە، گوتی: "لەکاتی گەڕانمان بەناو پێشانگاکەدا، لە روانگەی فۆتۆگرافەرە جیاوازەکانەوە شاهیدی هەندێک لە گرینگترین رووداوەکانی ساڵی رابردوو دەبین. دڵتەنگی و نائومێدی و ترس و حەسرەت لە چاوی ئەو کەسانەدا دەبینین کە لە ساڵی رابردوودا رووبەڕووی سەختی و نەهامەتی بوونەتەوە. لە هەندێک وێنەدا هەست بە ئازار و نەهامەتی ئەو کەسانە دەکەین کە لە شەڕ و کارەساتەکاندا ئازیزانیان لەدەستداوە. کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو پەنابەرانەی کە بێ ماڵ و حاڵ ماونەتەوە، لە پێشانگاکەشدا بەدی دەکرێت".
- "وەک ئاژانسی ئانادۆڵو باوەڕمان بە هێزی گوتنی شتە نەگوتراوەکان هەیە"
رێکخەری بەڕێوەبردنی پڕۆژەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، ئۆغوز کاڕاکاش ئاماژەی بەوە دا کە هەر وێنەیەک چیرۆک و هەستێکی جیاوازی لە پشتەوەیە، گوتی: "بۆ نموونە کارەکەی فۆتۆگرافەری یۆنانی، کۆنستنتینۆس تساکالیدیسکە خەڵاتی "فۆتۆی ساڵ"ی پێبەخشرا، ئاماژە بە هەستی لەدەستدان یان مانەوە دەکات".
کاڕاکاش گوتیشی: :وەک ئاژانسی ئانادۆڵو باوەڕمان بە هێزی گوتنی شتە نەگوتراوەکان هەیە. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی ١٩٢٠ەوە گرنگییەکی زۆری بە فۆتۆ داوە و نزیکەی ١١ ملیۆن فۆتۆ لەسەر پلاتفۆرمی "Anadolu Images" ئەرشیف کراوە".
- "بەڕاستی ئەم پێشبڕکێیە ناوازەیە"
هەروەها فۆتۆگرافەر ئالان شرۆدەر کە لە بەشی "زنجیرەی وەرزشی" پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، لە کردنەوەی پێشانگاکە ئامادەبوو.
شرۆدەر لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەڕاستی ئەم پێشبڕکێیە ناوازەیە، ئەو وێنانەی کە خەڵات کراون بەڕاستی باشن و لە ئاستێکی بەرزدان. شانازییە کە یەکێکم لە براوەکانی لەم پێشبڕکێیە".
لە کردنەوەی پێشانگاکەدا هەروەها کونسوڵی گشتیی تورکیا لە نیویۆرک، رەیحان ئۆزگور و نوێنەرانی بیانی و دیپلۆماتکاران و رۆژنامەنووسانی بیانی ئامادە بوون.
پێشانگاکە تا ٢٣ی کانوونی یەکەم لە نەتەوەیەکگرتووەکان نمایش دەکرێت.