Aylin Dal
09 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2023
ئەنقەرە - AA
دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، پرۆسەی چاپکردنی کارتەکانی دەنگدانی بۆ ٨٧ بازنەی جیای هەڵبژاردن لە سەرانسەری تورکیا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و خولی ٢٨مینی پەرلەمان کە رۆژی یەکشەممە ١٤ی ئایار لە سەرانسەری تورکیادا بەڕێوەدەچێت تەواو کرد.
پرۆسەی چاپکردنی کارتەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە ١٢ی نیساندا دەستی پێ کرد و کارتەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان کە لە ١٩ی نیساندا دەستی پێ کرد کۆتایی هات.
کارتەکان کە بەپێی ٨٧ بازنەی هەڵبژاردنی لە سەرانسەری تورکیا چاپ کراوە، رەوانەی هەموو ناوچەکان کرا.
کارتەکانی دەنگدان لە ئەنقەرە لە سێ چاپخانەی جیاواز چاپکراون و لە هەر چاپخانەیەکیاندا لە پاڵ کارمەندانی چاپخانەکە خۆی، نزیکەی ٥٠ کەس لە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان "YSK"، پۆستە "PTT" و نووسینگەی کەرەستەی دەوڵەت کاریان کردووە.
بەهۆی بوونی کاندیدانی سەربەخۆ لە کارتەکانی دەنگداندا و بەشداری نەکردنی هەندێک لە پارتە سیاسییەکان لە هەندێک بازنەی هەڵبژاردندا، کارتەکانی دەنگدان بۆ ٨٧ بازنەی جیای هەڵبژاردن چاپکراون.
لە سەرەتادا کارتەکانی دەنگدان لەسەر کاغەزێکی سپی تایبەت کە هێمای دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیای لەسەرە و بە تایبەتی بەرهەمهێنراوە، بەپێی جیاوازی بازنەکانی دەنگدان جیاکرانەوە.
پاشان کاغەزە سپییەکان کە لەسەر شێوەی قاڵپ بوون، بەپێی بازنەکان کە قەبارەیان جیاوازە چاپکران.
لە چاپخانەکاندا کارمەندانی هۆبەی بەرپرس لە کاروباری هەڵبژاردن لە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان کاریان کرد و ئەو کارتانەی وەک نموونە چاپکرابوون یەک بە یەک بەپێی لیستی ئەو کاندیدانە ناویان لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکراوەتەوە، کۆنترۆڵ کرد.
لە دوای کارەکانی چاپکردن، کاغەزەکان کە لەسەر شێوەی تەپەقەدا بوون کاری بڕینیان بۆ کرا و بەپێی پارێزگاکان قەبارەیان دیاریی کرا، پاشان کارتەکانی دەنگدان کرانە کارتۆنەوە.
بۆ ئەوەی زیانیان بەرنەکەوێت، کارتۆنەکان بە پلاستیک داخراون و بەپێی قەزاکان ئامادەکران، پاشان کارتەکان کراونە گونییەوە و دەمی گونییەکەش بە پلاستیکێکی تایبەت داخراوە.
لە دوای کارەکانی پێچانەوەی کارتەکانی دەنگدان، کارمەندانی پۆستە کە لە چاپخانەکان ئامادەبوون، بەگوێرەی قەزاکان کارتۆنی کارتەکانیان بارکرد و گواستیانەوە.
لە میانی هەموو ئەم کارانەدا، هێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی ئەمنیی توندوتۆڵیان لە چاپخانەکاندا گرتەبەر.
لەسەر ئاستی پارێزگادا، هێزە ئەمنییەکان یاوەری پۆستەیان کردووە و لەگەڵیاندا کارتەکانیان بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکردووە.
لە رێگەی ٣٠ کامێرای چاودێرییەوە کە لە چاپخانەکاندا دانراون، ٢٤ کاتژمێر چاودێری چاپکردنی کارتەکان کراوە.
هەروەها رێوشوێنی ئەمنیی لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوە بۆ چاپخانەکان گیراوەتەبەر و ئۆتۆمبێل و کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە ٢٤ کاتژمێر لەبەردەم چاپخانەکاندا ئێشکیان گرتووە.
ئەگەر هەڵبژاردنی سەرکۆمار بکەوێتە خولی دووەم، ئەوا لە ١٥ی ئایاردا، دەست دەکرێت بە چاپکردنی ئەو کارتانەی کە لە دەرەوەی وڵات و دەروازە گومرکییەکاندا بەکاردەهێندرێن.