Muhammet Tarhan
24 شوبات 2024•نوێکردنەوە: 25 شوبات 2024
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە دووهەمین ساڵیادی بەرپابوونی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بۆ پاراستنی سەربەخۆیی، سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا، بەردەوامی دەدەن بە هەوڵەکانیان بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی و هەمیشەیی و دادپەروەرانە بێتە دی.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتدا هاتووە کە، ''دوو ساڵ بەسەر دەستپێکی جەنگی ئۆکراینا تێپەڕی و جەنگەکە کاریگەرییەکی وێرانکەری بەسەر ئۆکراینادا هەبووە''. جەختیش لەوە کراوەتەوە کە ئەو جەنگە کاریگەری لەسەر ناوچەکە و ڕێکخستنی جیهانیش داناوە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەو بەیاننامەیەدا ئاماژەی بەوەشداوە کە لەم باوەڕەدان بە زیندوو کردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، دەرفەت بۆ گەیشتن بە ئامانج دەرەخسێت و بەو پێیە داوای لە لایەنەکان کردووە کە هەوڵی پێویست بدەن.
لە بەیاننامەکەدا هەروەها هاتووە، ''بۆ پاراستنی سەربەخۆیی، سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکراینا، بەردەوامی دەدەین بە هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی چارەسەرێکی بنەڕەتی و هەمیشەیی و دادپەروەرانە بێتە دی''.