Mazın Asad
13 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا حوسێن موفتوئۆغڵو، بەستنی ئاگربەستی لە رۆژھەڵاتی حەلەب لە ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ھێزەکانی سوپای رووسیا پشتڕاست کردەوە.
موفتوئۆغڵو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە دا کە دوای ئەنجامدانی دانوستان لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ھێزەکانی سوپای رووسیا، ئاگربەست لە رۆژھەڵاتی حەلەب بەسترا و راشیگەیاند لە یەکەم قۆناغدا خەڵکی سڤیل و دواتر گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن لە شارەکە بۆ ئیدلب دەگوازرێنەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "وڵاتەکەمان چەند ھەفتەیەکە ھەوڵەکانی بۆ کردنەوە رێڕەوێکی مرۆیی چڕ کردووەتەوە. ھەوڵەکانمان لەم رۆژانەی دواییدا چڕتر کردەوە. ئەمڕۆش ئەو ھەنگاوەی بۆ بەستنی ئاگربەست نرا، بێجگە لەوەی مایە خۆشحاڵییە، لە ھەمات کاتدا سوودی بۆ مامەڵەکردن بە ھەستیاری لەگەڵ دۆخەکە دەبێت. لە نزیکەوە چاودێری پەیرەوی رێککەوتنەکە دەکرێت".
جێگەی باسە تورکیا رۆڵی نێوەندگیری بینی لە راگواستنەوەی خەڵکی سڤیل و گەیشتن بە ئاگربەستی نێوان ھێزەکانی رژێمی ئەسەد و رووسیا لەگەڵ چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن لە رۆژھەڵاتی حەلەب.