هاکان فیدان: "مەترسی تەشەنەکردنی ئەو جەنگە نایاساییە هەیە کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان پێکردووە"
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان: "ئامانجی سەرەکی ئێمە ڕاگرتنی جەنگەکەیە و لە هەمان کاتیشیدا بۆمان گرنگە کە رێگری بکەن لە تەشەنەکردنی جەنگ".
Ankara
ئەنقەرە - AA
هاکان فیدان ڕایگەیاند، "ڕوانگەی ئێمە لەبارەی برایانی کوردمان لە سووریا، عێراق و تورکیا هەموو کاتێک ڕوون و ئاشکرا بووە. هەڵوێستی سەرکۆماریشمان لەم بارەیەوە دیارە. ئێمە نە ڕێگە دەدەین کە ستەمیان لێ بکرێت و نە ڕێگەش دەدەین کە لە لایەن وڵاتانی دیکەوە بۆ ئامانجی خۆیان بەکاریان بهێنن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی A Haberی وڵاتەکەی، لەبارەی پرسەکانی ڕۆژەڤەوە دوا.
هاکان فیدان لەسەرەتای بەرنامەکەدا لەبارەی جەنگی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل دژ بە ئێران قسەی کرد و گوتی: "بە داخەوە ئەو جەنگە کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیل و بە پێشێلکردنی یاساکانی نێودەوڵەتی دەستی پێکرد، مەترسی ئەوەی هەیە کە تەشەنە بکات بۆ ناوچەکە".
هاکان فیدان گوتیشی: "ئامانجی سەرەکی ئێمە ڕاگرتنی جەنگەکەیە و لە هەمان کاتیشیدا بۆمان گرنگە کە ڕێگری بکەن لە تەشەنەکردنی جەنگ".
لەبارەی پرسی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێرانیشەوە، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "چاوەڕوانی و خواستێکی زۆر جددی هەیە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بەڵام ئەو خواستە پێویستە ببێتە کردار. ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان لەم بارەیەوە دەخەینە گەڕ".
فیدان گوتیشی: "پێ دەچێت دانوستانەکان گەیشتبێتە قۆناغێک، واتە لایەنی کەم دەستی پێکردبێت و هەندێک پەیام لە ڕێگەی پاکستانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێت".
گوتیشی: "ئەوەی نیگەرانمان دەکات، ئەوەیە کە بەداخەوە ناوچەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو یارییەک دەڕوا کە ئێسرائیل سیناریۆکەی بۆ داڕشتووە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: "بە ئاشکرا با بڵێم، ٦-٧ وڵاتی کەنداو هەیە کە ڕووبەڕووی لەناوچوون بوونەتەوە. سیناریۆیەک کە ئیسرائیل دەیەوێ وڵاتانی ئیسلامی تووشی جەنگێکی درێژخایەن لەگەڵ یەکتر بکات".
هاکان فیدان گوتیشی: "جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل-ئێران، کە ئێستا لە سێیەمین هەفتەی خۆیدایە، کاریگەرییەکی زۆر زیاتری بەراورد بە جەنگی پێنج ساڵە (ی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا) هەبووە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها لەبارەی پرسی غەززەشەوە دوا و گوتی، "بۆ ئێمە، مەترسی سەرەکی لە غەززە، کۆچکردن و چۆلکردنی غەززە و نەمانی فەڵەستینییەکانە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا پەیوەندیدار بە دۆخی ئێران، هاکان فیدان باسی لە لایەنە کوردییەکان لە ئێران کرد و گوتی: "پرسی برایانی کوردمان کە لە ناوچەکەدا بە خراپ کەڵکی لێ وەردەگیرێت، ئەوەیە کە وەک ئامرازێک بەکاریان بهێنن".
هاکان فیدان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لە نزیکەوە دۆخی ئێران چاودێری دەکەن و گوتی: "پرسی برایانی کوردمان کە لە ناوچەکەدا بە خراپ کەڵکی لێ وەردەگیرێت، ئەوەیە کە وەک ئامرازێک بەکاریان بهێنن. ئەوە بابەتێکە کە ئێمە نامانەوێ شایەتی بین. ئێمە دەزانین کە هەندێک لایەن لە لایەن مۆسادیشەوە پەیوەندییان پێوە کراوە".
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکات و لەم بارەیەوە گوتیشی: "ڕوانگەی ئێمە لەبارەی برایانی کوردمان لە سووریا، عێراق و تورکیا هەموو کاتێک ڕوون و ئاشکرا بووە. هەڵوێستی سەرکۆماریشمان لەم بارەیەوە دیارە. ئێمە نە ڕێگە دەدەین کە ئەو خەڵکە لەوێ ستەمیان لێ بکرێت و نە ڕێگەش دەدەین کە لە لایەن وڵاتانی دیکەوە بۆ ئامانجی خۆیان بەکاریان بهێنن".
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ئاماژەی بەوە کرد کە کەڵکی خراپ وەرگرتن لە هەندێک لە لایەن کوردییەکان و بەکارهێنانیان بۆ ئامانجی خۆیان، دواتر کێشەی گەورەی ڵێ دەکەوێتەوە و بابەتێکە کە دۆخی ناوچەکە ناسەقامگیر دەکات.
