Serdar Adıyaman,Servet Taşdemir,Necmettin Karaca
14 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 15 تەمووز 2020
وان/بەدلیس - AA
لافاو سنووری هەردوو قەزای ئەخڵات و تەتوان سەربە بەدلیس-ی گرتەوە.
قایمقامیەتی قەزای ئەخڵات لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کردووە، ئەو لافاوەی بەهۆی بارانی بەلێزمە و تەرزەوە رووی داوە زیانی بە بەشێک لە جۆگەکانی ئاودێری و زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندەکانی گوزەلسو، ساکا، ئالاکر، تاشهارمان، بورجوکایا، دیلبورنو و یەنیکۆپرو گەیاندووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە جووتیاران هەوڵیانداوە لەڕێی تراکتۆر و ئامێرە کشتوکاڵییەکانەوە رێگری لەوە بکەن لافاوەکە زیانی زیاتر بە زەوییەکانیان بگەیەنێت، هێزەکانی جەندرمەیش چوون بە هانای ئەو کەسانەی بەهۆی لافاوەکەوە گیریان خواردووە.
هاوکات قایمقامیەتی قەزای تەتوان لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی بارانی بەلێزمەوە لە سنووری قەزاکە، لافاو دروست بووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیش دراوە کە بەهۆی لافاوەکەوە بۆ ماوەیەکی کەم هاتوچۆکردن وەستاوە، هەروەها بەشێکی رێگاکان قوڕ و لیتەیان تیادا وەستاوە و تیمەکانی شارەوانی دەستیان بە پاککردنەوەیان کردووە.
تیمێکی تایبەتیش بۆ تۆمارکردنی زەرەر و زیانەکان، سەردانی ئەو ناوچانەیان کرد کە لافاو لێیداون.