Mazın Asad
28 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2016
ئەنقەرە
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لە لێدوانێکدا لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار، وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
کاڵن ئاماژەی بەوە دا کە لە چوارچێوەی کێشەکانی ئەمنی عێراق لە نزیکەوە لە پەیوەندیدان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و ھاوکات لە ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵیشدا لە نزیکەوە پەیوەندییان لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەیە و زیاتر گوتیشی: "دواڕۆژی مووسڵ بۆ ئایندەی عێراق یەکجار گرنگە. بۆیە رزگارکردن و پاککردنەوەی ئەم شارە لە دەست داعش گرنگی زۆری بۆ ئایندەی عێراق ھەیە. لێرەدا ئێمە جارێکی دیکە پاڵپشتی خۆمان بۆ عێراق دووپات دەکەینەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە 'رۆژنامەی تایمز ئاماژەی بەوە داوە کە ئەمریکا دەیەوێت لە باکووری سووریا لە ناوچەی مونبیج کوردەکان نیشتەجێ بکات بۆ رێگریکردن لە تێپەڕبوونی داعش بەڵام دەنگۆی ئەوە ھەیە کە تورکیا دژایەتی ئەو پرسە دەکات. ئایا ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە؟ کاڵن لەوبارەیەوە رایگەیاند لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کارەکانیان بۆ پرسی ناوچەی مونبیج دژی داعشدرێژەی ھەیە و گوتیشی: "لەبارەی بوونی داعش لە ناوچەکانی سنووری تورکیا لەگەڵ لایەنی ئەمریکا بەتایبەتی سەبارەت بە رەوشی نێوان مونبیج-جەرابلوس کار لەسەر وردەکارییەکان دەکەین و کارەکانمان لەوبارەیەوە درێژەی ھەیە. ھەفتەی رابردوو لە سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بلینکین بابەتەکە بە فراوانی لە نێوان شاندی ھەردوو وڵات خرایە بەرباس و گفتوگۆ.
ھەروەھا زیاتر گوتیشی:"لە ئێستادا شتێکی لەو جۆرە لەبارەی جێگیرکردنی چەکدارانی پەیەدە و یەپەگەوە جێگەی باس نییە. بەڵام ھەستیاری ئێمە لەوبارەیەوە، ھەموو لایەک دەزانێت. واتا بەرەنگاربوونەوەی داعش یەکجار گرنگە، بەڵام گرنگى ئەوەیە کێ بەشێوەیەک بەرەنگاری دەبێتەوە و لەم بەرەنگاربوونەوەیەدا کاملایەن بۆ بەرژوەندی خۆی کار دەکات. لەوبارەیەوە ھەمیشە رەوشێک دروست دەکرێت. ئێمە بەرامبەر ئەوانەی بە بیانووی "بەرەنگاریی داعش دەبینەوە" بۆ شوێنێکی دیکە تێپەڕ دەبن، ھەڵوێستمان زۆر روونە. چونکە رەوشەکە ھەم پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانیمانەوە ھەیە و ھەمیش پێشھاتێکە کە ئایندەی سووریا دەخاتە ژێر مەترسییەوە. بۆیە لە پێناو بەڕێوەبردنی قۆناغی ھێڵی نێوان جەرابلوس و مونبیج بەشێوەیەکی گونجاو، لە نزیکەوە کارەکانمان ھەم لەگەڵ ئەمریکا و ھەمیش لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی درێژەی ھەیە".