Abdullah Shukur
28 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2016
ئەنقەرە
گوتەبێژە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سەرۆکایەتی کۆمار وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
کاڵن رایگەیاند کە داعش سوود لە شەڕی سووریا دەبینێت. گوتیشی: "ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە، بەشێوەیەکی دڕندانە خەڵکی سڤیل دەکوژێت. ھاوکات کوژرانی خەڵکی سڤیل لە شەڕی خوێناوی سووریاش بەردەوامە. تا ئێستا نزیکەی ٤٠٠ ھەزار کەس کوژراوە. بەم پێیەش تا شەڕی سووریا بەردەوام بێت ئەوا رێکخراوی تیرۆریستی داعش بەردەوام دەبێت لە کۆکردنەوەی ئەندام و کاری تیرۆریستی و بڵاوبوونەوەی لە ناوچەکەدا بۆیە پێویستە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی لە سووریا ئەنجام بدرێت و بە زووترین کات کۆتایی بەو شەڕە بھێنرێت".
کاڵن جەختیشی لەوە کردەوە کە لایەنگری ئەوەیە کە لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی پرسی یەکپارچەیی خاکی سووریا بخرێتە بەر گەرەنتی. کاڵن یەکریزی و ھاوھەڵوێستی دژی رووداوە تیرۆریستییەکانی ئەم دواییە بە گرنگ زانی. گوتیشی: "ئێمە بە ئاشکرای لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێ کردووە. تیرۆریستی چاک و خراپ نییە. تیرۆر لە ھەموو شوێنێکی جیھان ھەر تیرۆرە. ئێمە ھەر وەکو چۆن ئیدانەی کاری تیرۆریستی ئەلقاعیدە، داعش، بۆکۆ حەرامان کردووە، ئەواش پێویستە پەکەکە و لقی ئەو رێکخراوە لە سووریا ئیدانە بکرێت. لەمەش زیاتر پێویستە ھەنگازی بەرجەستە دژ بەمانە بھاوێژرێت".