Hemın Othman Mohammed
28 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 28 ئادار 2016
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه له‌لایه‌ن پارته‌كه‌یه‌وه له وان رێكخرابوو، هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی هه‌ندێ رێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ریشسپیانی ناوچه‌كه كۆبووه‌وه و باسی له‌وه كرد كه رۆژانی زۆر سه‌ختیان تێپه‌ڕاندووه.
ده‌میرتاش، باسی له‌وه كرد كه ئه‌وان پێداگری ده‌كه‌ن له وه‌ستانه‌وه دژ به‌و گوته‌یه‌ی ده‌ڵێت 'له‌و شوێنه‌ی قسه كردن ته‌واو ده‌بێت' و گوتی: "قسه ته‌واو نه‌بووه و نابێت ته‌واو بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له سه‌رده‌مێكدا كه قسه كردن هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ر بێت، ئه‌وا قسه كردن گرنگه".
هاوكات ده‌میرتاش جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه له هه‌ر شوێنێك ئاشتیخواز هەبێت پێویست به چه‌ك نابێت، له هه‌ر شوێنێكیش بارگرژی، مشت‌ومڕ و شه‌ڕ و پێكدادان هه‌بوو پێویست به ئاشتی ده‌بێت.
هاوسه‌رۆكی گشتیی هه‌ده‌په ده‌میرتاش، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه له توركیادا تێگه‌یشتنێكیان دروستكرد بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی به‌رقه‌رار بكات، به‌ڵام تێگه‌یشتنی سه‌د ساڵی رابردوو 'ئێمه ناتوانین ئاشت ببینه‌وه' باڵاده‌ست بوو و گوتی: "له ماوه‌ی 300 ساڵی رابردوودا، ده‌وڵه‌تانی سه‌رمایه‌دار ئێمه‌یان خسته ئه‌و بارودۆخه‌وه. جه‌نگ قه‌ده‌ری ئێمه نییه. شه‌ڕ ده‌سه‌پێنن. ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌یی و هه‌موو جوگرافیاكهمانیان دابەش کرد و ئێمه‌یان كرد به دژ یه‌كدا. هه‌میشه‌ی تێگه‌یشتنی "ئێمه ناتوانین ئاشت ببینه‌وه" له‌نێو ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا چه‌سپێنراوه. به‌م عه‌قڵیه‌ته‌وه به‌رقه‌رار بوونی ئاشتی زۆر ئه‌سته‌م و قورسه".
ده‌میرتاش، باسیشی له‌وه كرد كه ئه‌و كێشانه‌ی له ناوچه‌كه‌دا روو ده‌ده‌ن، له‌وه ده‌رچووه كۆماری توركیا به ته‌نیا چاره‌سه‌ریان بكات و گوتی: "كێشه‌كه بووه‌ته كێشه‌یه‌كی جیهانی كه ده‌وڵه‌تانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌گرێته‌وه. پێش دانانی به‌ربه‌ست و هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌قه‌كان ئه‌و كێشه‌یه هه‌بوو. دانانی به‌ربه‌ست و هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌قه‌كان هه‌مووی به‌هۆی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئێوه‌یه. ئێمه نین كه‌وا په‌كه‌كه‌مان ناردبێته شاخ.، به‌ڵكو ئه‌وه ئێوه‌ن. ئه‌وه تێگه‌یشتنی ئێوه‌یه گه‌نجانی ناردووه بۆ شاخ. ئه‌وه هه‌ده‌په نییه به‌ربه‌ست داده‌نێت. نه فه‌رمانی بۆ ده‌ركردووه و نه پشتیوانیشی كردووه. ئه‌وه ئێوه‌ن بوونه‌ته هۆی دانانی به‌ربه‌سته‌كان و هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌قه‌كان، به‌ڵام باجه‌كه‌ی به ئێمه ده‌درێت".