سياسەت, هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ٢٠٢١

سەعید مەموزینی: "خەڵکی شنگال دەنگی نەخێریان دایە هێزە چەکدارە نایاساییەکان"

بەرپەرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی لە نەینەوا، سەعید مەموزینی: "خەڵکی شنگال لە نێوان هێزە رەسەنەکان و هێزە چەکدارە نایاساییەکان، رەسەنەکانی هەڵبژارد و دەنگی نەخێریان بە داگیرکاریی هێزە چەکدارەکان دا".

Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin  | 14.10.2021 - نوێکردنەوە : 15.10.2021
سەعید مەموزینی: "خەڵکی شنگال دەنگی نەخێریان دایە هێزە چەکدارە نایاساییەکان"

Arbil

هەولێر AA

سەعید مەمووزینی دەلێت، "خەڵکی شنگال لە نێوان هێزە رەسەنەکان و هێزە چەکدارە نایاساییەکان، رەسەنەکانی هەڵبژارد و دەنگی نەخێریان بە داگیرکاریی هێزە چەکدارەکان دا".

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان، حەشدی شەعبی و چەکدارانی پەکەکە کە لەژێر ناوی یەبەشە لە شنگال باڵادەستن و خەڵکی ناوچەکە ترسی درووستبوونی شەڕێکی دیکەی هەیە لە ناوچەکەدا و هەر بۆیەشە ئاوارەکان ناگەڕێنەوە.

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، کورد لە پارێزگای نەینەوا لە کۆی ٣١ کورسی پارێزگاکە، ١١ کورسی بەدەستهێناوە، نۆ کورسی بۆ پارتی و دوو کورسیش بۆ یەکێتی.

بەم ئەنجامەش پارتی ئێستا یەکەمی ئاستی هەموو لیستەکانە و زۆرترین نوێنەری لە نەینەواوە دەنێرێتە بەغدا.

بەرپەرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، سەعید مەموزینی لە دیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵودا دەربارەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان و دۆخی ناوخۆی مووسڵ و شنگال دوا و رایگەیاند "دۆخی مووسڵ وەک رواڵەت باشە، بەڵام حەشدی شەعبی لە مووسڵ دەسەڵاتی هەیە و دەسەڵاتەکەشی بەشێوەیەکی نایاسایی بەکاردەهێنێت، وەک ئازاردان و رێگریکردن لە هاووڵاتییان، بەگشتی خەڵک لێیان بێزارن وەک هێزێکی چەکدار، راستە بەپێی یاسا پەرلەمانی عێراق دانراوە، بەڵام وەک هێزێکی نایاسایی مامەڵەدەکەن، سوننەی عەرەب وەک دەنگ لە مووسڵ دەنگ دەهێنن، بەڵام دەسەڵات لای هێزی چەکدارە و هێزە چەکدارەکانیش حەشدی شەعبیین، ئێستا کاریش دەکەن بۆ ئەوەی ناوچەکە بکەن بە شیعەنشین بۆ نموونە لەڕێگای پارەدان و بەهێزکردنی حسێنییەکان و ژن و ژنخوازی".

دەربارەی ئەوەی دۆخی کورد چۆنە لە سنوورەکە، سەعید مەموزینی گوتی: "کورد زۆرینەیان هەڵاتوون لە مووسڵ، پێشتر ٨٠ ماڵ مابوون، ئێستا هەندێکی دیکە گەڕاونەتەوە، مووسڵ ئێستا وێرانەیەکە هەتاوەکو ئێستا لەژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەکان تەرم هەیە ئەو شارە رەنگی شاری پێوەنەماوە کە دەچیتە مووسڵ وەک ئەوە وایە بچیتە ئەفغانستان یان تۆرابۆرا".

بەرپەرسی راگەیاندنی لقی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا لە وەڵامی ئەوەی پاش گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکانی مووسڵ ئێستا چۆن سەیری کورد دەکەن، گوتی: "من ئێستا وای دەبینم خۆشویستن یان نەرمبوونەوەیەک لەلایەن هاووڵاتییانی عەرەب بەرامبەر کورد دروست بووە، چونکە چەندی ئیشی باشیان بۆ کرا لەلایەن هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە کاتێک لێیان قەوما دەرگایان بۆ کرایەوە خەڵکێکی زۆریان لێرە ئاوارەبوون و خزمەتکران کەس ئازاری پێ نەگەیاندن، ئەمانە وای کرد کاریگەری ئەرێنی هەبوو".

سەعید مەموزینی دەربارەی دۆخی شنگال وەڵامی ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە و رایگەیاند "بارودۆخی شنگال زۆر خراپە، ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراق ئیمزا کرا وا ساڵێک زیاتر تێپەڕیوە و جێبەجێ نەکراوە، ئێستا حەشدی شەعبی و چەکدارانی پەکەکە لەوێ باڵادەستن لەگەڵ هەندێ خەڵکی شنگالیش لەژێر ناوی یەبەشە کاردەکەن، بارودۆخ باش نییە بۆیە ئاوارەکان ناگەڕێنەوە، دەترسن شەڕ دروست بێت، چونکە هەموو ئەوانەی لەوێن چەکبەدەست و هێزی چەکدارن، ئاوارەکان حەزدەکەن بگەڕێنەوە قسەشمان لەگەڵ کردوون، بەڵام دەترسن خەڵکێک گەڕاشەوە، بەڵام دواتر دووبارە شنگال-یان بەجێهێشت".

دەربارەی بارودۆخی دوای هەڵبژاردنەکان و بارودۆخی حزبە کوردییەکان لە نەینەوا سەعید مەموزینی رایگەیاند "لە نەینەوا ئێستا گەورەترین لیست پارتییە، توانیومانە نۆ کورسی بەدەستبهێنین و یەکێتیش دوو کورسی هێناوە، بەوەش کورد ئێستا لە نەینەوا ١١ کورسی هەیە، نزیکترین لیست لە ئێمە حەلبوسی-یە کە هەشت کورسی لەسەر ئاستی نەینەوا بەدەستهێناوە، باشییەک هەیە لە مووسڵ لەنێوان پارتی و یەکێتی باشترین پەیوەندی دەبینم، هەردوولامان کەمتر حزبایەتی دەکەین لەوێ و زیاتر کوردایەتی دەکەین".

سەعید مەمووزینی ئاماژە بە سەرکەوتنی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و باس لەوە دەکات، ئەوان سەرەڕای هەموو بەربەستی چەکدارە نایاساییەکان، توانیویانە دەنگی متمانەی خەڵکی شنگال بەدەست بێنن و دەڵێت: "ئەم هەڵبژاردنە سەلماندی کە هەبوونی کورد لە مووسڵ ریشەیەکی مێژوویی هەیە و دڵی خەڵکێک لەگەڵ کوردایە لەو پارێزگایە، ئەو دەنگانەی پارتی هێناویەتی و ئەو لایەنانەی دیکە نەیانتوانیوە بەدەستی بهێنن مانای ئەوە دەبەخشێت کە خەڵکی شنگال و ناوچەکانی دیکە پارتی دەوێت و لایەنەکانی دیکەی چەکدار کە ئێستا لەوێن نایانەوێت".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın