Hemn Husain
28 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2016
هەولێر
لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و لە هەندێک شوێنیش ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ دروست بووە و بەم هۆیەوەش لە گەڕەکی کورانی شاری هەولێر و نزیک ناوچەی پیشەسازی باشوور، رێگای گەڕانەوە لە مەخموور بۆ هەولێر گیراوە و بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی كوردستانیش ئاماژە بە بوونی پەڵە هەورێک دەکات لەو ناوچەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی كوردستان فازڵ ئیبراهیم لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "نزیکەی ١٥ خولەک پێش ئێستا هەورێکی پڕ لە ئاسمانی ئەو ناوچەیە بوو، بۆ ماوەی چەند خولەکێک بەردەوامی هەبوو بەڵام رێژەیەکی زۆر بارانی هەبوو بۆیەش بووەتە هۆی بوونی ئەو ئاوە زۆرە لەم ناوچەیە".
جێی ئاماژەیە جگە لەو شوێنە، چەند گەرەکێکی دیکەش لە شاری هەولێر رێژەی بارانی تێدا زۆرە بووە و لە هەندێک شوێن ئاو گەویشتووەتە نێو ماڵەکان و بەڕێوەبەری گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی كوردستانیش ئاماژە بە رێژەی بارانبارینەکەی ئەمڕۆی شاری هەولێر دەکات و لە درێژەی قسەکانیدا فازڵ ئیبراهیم دەڵێت: "لە سەعات ٩ی بەیانی تاوەکو ئێستا رێژەی بارانبارین بە گشتیی گەیشتووتە 21 ملم".
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی كوردستان، رێژەی بارانبارین لە خۆرهەڵاتی شاری هەولێر 21 ملم بووە و لە خۆرئاوای شاری هەولێریش رێژەکە بووەتە 16 ملم و هەروەها لە زۆربەی شوێنەکانی دیکەش ئاستەنگ بۆ هاتوچۆ درووست بووە.