Mazın Asad
28 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2016
واشنتۆن
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جۆن کیری رایگەیاند لێدوانی ھەریەک لە کاندیداکانی پارتی کۆماریخوازەکان تێد کروز و دۆناڵد ترەمپ دژی مسوڵمانان، بووەتە رۆژەڤی سەرکردەی زۆرێک لەو وڵاتانەی سەردانی کردووە و گوتیشی:" دوای ماوەیەک ئەم رووداوانە دەبێتە شەرمەزارییەک بۆ وڵات".
کیری لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی CBSدا ئاماژەی بەوە دا کە دوای ھێرشە تیرۆریستییەکانی برۆکسل، ھەریەک لە کرۆز و ترەمپ لە لێدوانەکانیاندا مسوڵمانانیان کردووەتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتی سەردانیکردنی بۆ وڵاتان، لێدوانەکانی دژایەتی بەرامبەر بە مسوڵمانان لە ئەمریکا دێتە رۆژەڤ و بەم پێیەش گوتی:"لەکاتی سەفەرکردنم بۆ ھەر شوێنێک و دیدارم لەگەڵ سەرکردەکاندا پرسیاری ئەوە دەکەن کە لە ئەمریکا چی روودەدات. کەس نایەوێت باوەڕ بەمە بکات".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا روونیشیکردەوە کە کاتێک سەرکردەکان باسی لێدوانی دژی مسوڵمانان لە ئەمریکا دەکەن تووشی شۆک دەبێت و زیاتر گوتیشی: "ئەم رەوشە لە رووی ھاوسەنگی سەقامگیریمان نیگەرانی لای مرۆڤەکان دروست دەکات. دوای ماوەیەک ئەم رووداوانە دەبێتە شەرمەزارییەک بۆ وڵات".
سیناتۆری ویلایەتی تکساس، تێد کروز لە ئیکاونتی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندبوو کە دوای ھێرشە تیرۆریستییەکانی برۆکسل، ئەو ناوچانەی خاوەنی زۆرترین دانیشتووی مسوڵمانن لە ئەمریکا، پێویستە ھێزەکانی ئاسایش چالاک بن و بە پێویستی زانی رەوشی ئەمنی لەو ناوچانە دابین بکرێت.
ھاوکات ترەمپ دوای ئەو بانگەشانەی دژی مسوڵمانان لە قۆناغی ھەڵبژاردنەکاندا و پاش ھێرشە تیرۆریستییەکانی برۆکسل لە لێدوانێکدابۆ Fox Business Networ رایگەیاند: "بەڕوونی کێشەم لەگەڵ مسوڵمانان ھەیە. دەتوانم بڵێم ئەم ھێرشانە لەلایەن خەڵکی سویدەوە ئەنجام نەدراوە. پێویستی ژیر بین. چاو بە مزگەوتەکان بخشێنینەوە و لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکان لەوێدا بکەین. کێشەی نەخۆشییەکی درێژخایەن لە ئارادایە".