Mazın Asad
20 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2017
دۆحە - AA
لەبارەی وەرگرتنی ھەڵوێستی ھاوبەشی وڵاتان لە لووتکەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی دژ بە بڕیارەکەی ئەمریکا لەمەڕ قودس، وڵاتی قەتەر بە ستایشەوە باسی رۆڵی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات.
ئەنجوومەنی وەزیرانی قەتەر لە شاری دۆحە بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی قەتەر، شێخ عەبدوڵڵا بن ناسر بن خەلیفە ئالسانی کۆبوویەوە و تیایدا داوایەکی بەپەلە و گشتگیر ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە بۆ پاراستنی گەلی فەڵەستین و وەستاندنی پێشێلکارییەکانی جوولەکە نیشتەجێکراوەکان لە مزگەوتی ئەقسا.
وەزیری دادی قەتەر، حەسەن بن لەحدان ئەلموھەنەدی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی QNAی وڵاتەکەی رایگەیاند بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەی ئەنجوومەنی ھاریکاری ئیسلامی لە ئیستانبوڵ دەکەن.
ئەلموھەنەدی ئاماژەی بەوە دا کە راگەیەندراوی کۆتایی لووتکەکە بووەتە جێی ھەستی گەلانی موسڵمانان و ھەروەھا بووەتە نەخشە رێگایەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەبارەی قودسەوە.
وەزیری دادی قەتەر لەبارەی سازدانی لووتکەی رێکخراوی ھاریکاری ئیسلامی لە ئیستانبوڵ و وەرگرتنی ھەڵوێستی ھاوبەشی وڵاتانی ئیسلامی لەبارەی قودس، بە ستایشەوە باسی رۆڵی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی کرد.
ئەلموھەنەدی خەمباری خۆیشی لەمەڕ ڤیتۆکردنی ئەمریکا دەربڕی بەرامبەر ئەو پرۆژە بڕیارەی لەبارەی قودس پێشکەش بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرابوو.