سەرکۆمار ئەردۆغان: "ڕێگەنەدان بە دایکێک کە لەگەڵ منداڵەکەی لە بەندیخانەدا بە کوردی قسە بکات یەکێک لە ڕێکارە هەڵەکان بوو"

Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، ڕێگەنەدان بە دایکێک کە لەگەڵ منداڵەکەی لە بەندیخانەدا بە کوردی قسە بکات، یەکێک لە ڕێکارە هەڵەکان بوو.
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە ٣٢هەمین کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاری و هەڵسەنگاندنی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان وێڕای وەبیرهێنانەوەی ئەوەیکە، ٤١ ساڵ لەمەوپێش و لە ١٤ی ئابی ١٩٨٤ لە شارۆچکەی ئەروح لە سیرت و شەمدینلی لە هەکاری، ڕێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز یەکەمین کردەوەی تیرۆریستی خۆی ئەنجام دا، گوتی: "لەم رووداوە تیرۆریستییە دوو سەربازمان شەهید بوون و نۆ هاووڵاتی سڤیلمان بریندار بوون. لەم ڕێکەوتە بەولاوە ڕێکخراوی تیرۆریستی دەستی کرد بە بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتیانمان. نزیک بە ١٠ هەزار هێزی ئاسایشمان لەم ڕووداوە شەهید بوون. نزیک بە ٥٠ هەزار هاووڵاتیمان لە ڕووداوە تیرۆریستییەکاندا گیانیان لەدەستدا".
- کردەوە نابەجێ و دەرەوەی یاساکان ئەوەندەی دیکە پەرەیان بە تیرۆر دا
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا کە لە یەکەم کردەوەدا لە ١٩٨٤، تیرۆر لە تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرەی سەند و گوتی: "لەو ڕۆژەوە حکوومەتێکی زۆر دەستبەکار بوون. هەموویان باسیان لەوە دەکرد کە تیرۆر ڕیشەکێش دەکەن بەڵام تیرۆر نە لەسەر خاکمان و نە لەو وڵاتانەی کە پێگەیان داکوتابوو، ڕیشەکێش نەبوو. بە دڵنیاییەوە هەندێک لە کردەوە هەڵەکانی دەوڵەت کاریگەرییان لەسەر هەبوو. تۆرۆسە سپییەکان، دۆسییە نادیارەکان و بەندیخانەی دیاربەکر یەکێک بوون لەو کردەوانە. ڕووخاندنی گوندەکان و لە شەوێکدا کۆچی زۆرەملێ پێکردنی خەڵکەکە و هەروەها ڕێگەنەدان بە دایکێک کە لەگەڵ منداڵەکەی لە بەندیخانەدا بە کوردی قسە بکات، یەکێک لە ڕێکارە هەڵەکان بوو. کردەوە نابەجێ و دەرەوەی یاساکان، نەک تیرۆریان کۆتایی پێ نەهێنا بەڵکو ئەوەندەی دیکە پەرەیان بە تیرۆر دا و ئەوە دەرفەتێکی کەڵکواژوو وەرگرتنی بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە خۆش کرد".
سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها گوتی، هەموومان بە یەکەوە باجی ئەو کردەوانەمان دا، گوتی: "لەو ڕووداوانەدا تەنیا هێزە ئەمنییەکانمان شەهید نەبوون. تەنیا خەڵکی سڤیلمان گیانیان لەدەست نەدا، بەڵکو ناسەقامگیرییەک ڕووبەڕووی تورکیا بوویەوە. زیانێکی دوو ترلیۆن دۆلاری تووشی تورکیا بوو. لە هەمووشی گرنگتر ئەوە بوو کە ڕێکخراوی تیرۆریستی زیانی قورسی گەیاندە ئاسایشی، یەکێتیی و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی و برایەتی نێوانمان".
ئەردۆغان وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی لە ٣ی تشرینی دووهەمی ٢٠٠٢وە بە شێوەیەکی بەرفراوان دەستی کردووە بە ڕیشەکێش کردنی تیرۆر، گوتی: "هاوکات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دژ بە بیانوو (هۆکارەکانی) تیرۆری وەک وشککردنی گۆمئاوەکە خەباتمان دەست پێکرد. دەستمان بە هەندێک کردەوە کرد دژ بەو هەنگاوانەی کە ڕێکخراوی تیرۆریستی بۆ نامۆکردنی خوشکان و برایانمان لە دەوڵەت و لەداوخستنیان ئەنجامیان دەدا. هەنگاوی مێژووییمان نا بۆ بەجێهێنانی بنەمای یاسایی پێکەوە ژیانی برایانە. لە کاتێکدا کە دەستمان کرد بە چاکسازییەک کە وەک 'شۆڕشێکی بێدەنگ' لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەماندا هەژمار دەکرا، دەستمان پێکرد و هاوکاتیش دەستمان کرد بە دیپلۆماسییەکی چڕ لە دەرەوە. لە پاڵ هەموو ئەوانەشدا پیشەسازیی بەرگریی خۆمان پەرە پێدا، بە بێ وابەستەبوونی بە دەرەوە چەکەکانمان دژ بە تیرۆر گەشە پێ دا. بە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور، سنوورەکانمان کۆنتڕۆڵ کرد. لە ١٥ی تەممووزدا و دوای کودتای فەتۆ، ئەو ناپاکانەمان لە دامودەزگاکانمان پاک کردەوە. بەو پێیە ناپاکی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرمان لەناو برد. لەم ساڵانەی دواییدا توانای کردەوەی تیرۆریستمان لەناو برد. ڕێگرییمان کرد لە زیانگەیاندنی تیرۆر بە بەرپرسانی و خەڵکی سڤیل. بە جووڵەکانمان لە عێراق و شۆڕشی ٨ی کانوونی یەکەم لە سووریا، دەستمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەهێزتر بوو".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن