سەرکۆمار ئەردۆغان: "نەک تەنیا پرسی ھاووڵاتیانی کوردمان بەڵکو پرسی برا کوردەکان لە عێراق و سووریاش پرسی ئێمەیە"

Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، لە دوێنێوە بەڵای تیرۆر کە ٤٧ ساڵە بەردەوامە، پێی ناوەتە قۆناغی کۆتاییھاتنەوە و تورکیا لە سەقامگیریی و ئارامییدا بەرەو داھاتوو ھەنگاو دەنێت.
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی بەشداریکردنی لە ٣٢هەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری و هەڵسەنگاندنی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان وێڕای ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان و قوربانیدانی وڵاتەکەی گوتی: "شەهیدەکانی ئێمە کە بە خوێنی خۆیان خاکەکەمانیان ئاو دا و ئاڵای مانگ و ئەستێرەکەمانیان ڕەنگ کردووە، هەموو کاتێک تاجی سەر سەری ئێمەن. شەھیدەکانمان لەبیرنەکردووە و ناکەین. نیشتمانەکەمان بۆ ھەتاھەتایە دەمێنێتەوە، ئاڵای ئەستێرە و مانگمان بۆ ھەتاھەتایە لە ئاسمانەکانماندا بە سەربەستی دەشەکێتەوە".
بەشێکی دیکەی گوتارەکەی سەرکۆمار ئەردۆغان باس کردن بوو لەم ئامانجی تورکیای بێ تیرۆر و هەوڵەکان بەو ئاراستەیە و لەم بارەیەوە گوتی : "پشتیوان بە خودا، لە دوێنێوە بەڵای تیرۆر کە ٤٧ ساڵە بەردەوامە، پێی ناوەتە قۆناغی کۆتاییھاتنەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "پیشەسازیی بەرگریی خۆمان پەرە پێدا، بە بێ وابەستەبوونی بە دەرەوە چەکەکانمان دژ بە تیرۆر گەشە پێ دا. بە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور، سنوورەکانمان کۆنتڕۆڵ کرد".
سەرکۆمار ئەردۆغان بەم شێوەیە بەردەوام بوو لەسەر قسەکانی، "لە نزیکەوە چاودێری ھەر ھەوڵێک دەکەین کە خوێنڕێژی بوەستێنێت، فرمێسکی دایکان بسڕێت، ئازارەکان کەم بکاتەوە و برایەتی بەھێز بکات. ئەمڕۆ ڕۆژێکی نوێیە، لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژوودا کراوەتەوە. ئەمڕۆ دەرگاکانی تورکیایەکی گەورە و بەھێز و سەدەی تورکیا بە تەواوی کراونەتەوە. پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر کە بەم دوایانە هەوڵی بۆ دەدەین، بە ئاشکرا دەڵێم، دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان و یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە. با ھەمووان دڵنیابن لەوەی ڕێگە نادەین شکۆی دەوڵەتی کۆماری تورکیا پێشێل بکرێت، ھەرگیز سەری دانانەوێنین. بەم تێگەیشتنە چاودێری پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆرمان دەکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها گوتیشی: "هیچ کەسێک لەو ئاستەدا نییە، نەتەوەیی بوون، نیشتمانیبوون و خۆشەویستی تورکیای هاوپەیمان و هاوبەشمان، سەرۆکی گشتی مەهەپە باخچەلی و کادیرەکانی بباتە ژێر پرسیارەوە. کەسێک ناتوانێت ھەستی نەتەوایەتی، نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی تورکیای من و کادرەکانی ئاک پارتیمان بخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەمە حەد و مافی کەس نییە. ئێمە هیچ شتێک کە لە بەرژەوەندی تورکیادا نەبووبێت، نەمانکردووە، ناشیکەین. ئەمڕۆش تێگەیشتنمان، سیاسەتمان و هەوڵەکانمان تەنیا و تەنیا بۆ بەرژەوەندی تورکیایە. ھەرچییەک دەکەین لە پێناو تورکیا، گەلەکەمان و سەربەخۆیی و داھاتووماندا دەکەین".
لەبارەی دانانی چەک لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستییەوە سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "تورکیا سەرکەوت، گەلەکەم سەرکەوت. تورک، کورد، عەرەب و هەر تاکێکی ٨٦ ملیۆن ھاووڵاتیمان سەرکەوت".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "ئێمە هەرگیز و لە هیچ هەوڵێکدا کە هەڕەشە بێت لەسەر یەکگرتوویی، یەکپارچەیی، نیشتمان و گەلەکەمان و ئاساییشەکەیدا بەشدار نەبوین و ڕێگە بەو هەوڵەش نادەین. نیگەرانی بەلاوە بنێن و هەموو تاکێکی گەلەکەمان پێویستە لەو دۆخە خۆشحاڵ بێت و هەر ماڵێکی تورکیا پێویستە بە ئاڵای مانگ و ئەستێرە بڕازێندرێتەوە. دەوڵەتی کۆماری تورکیا ڕاست و ڕێک وەستاوە، تەنانەت بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ زۆر بەھێزتر و شکۆمەندارترە، لە ھەمووی گرنگتر زۆر ئومێدەوارترە بۆ داھاتووی. هەرکات تورک و کورد و عەرەب یەک بن و پێکەوە بن، ئەوا تورک و کورد و عەرەب بوونیان دەبێت. هەرکاتێکیش جیابوونەوە و دابەشبوون، ئەوا تووشی دۆڕان و شکست و خەم دەبن".
سەرکۆمار ئەردۆغان وەبیریشی هێنایەوە کە، "کۆماری تورکیا ماڵ و هێلانەی هاوبەشی هەموومانە. ئێمە ٨٦ ملیۆن کەس، یەکن، بە یەکەوەین و هەتا هەتایە وەک برا دەمێنینەوە" و لەم بارەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ ڕۆحی مەلازگیرت، ھاوپەیمانیی قودس، بنچینەی جەنگی سەربەخۆیی سەرلەنوێ پێکدێتەوە. ئەمڕۆ خۆرهەڵاتن و سپێدە دەمی تورکیایەکی گەورە و بەهێزە".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، سەرکۆماری ئەردۆغان هەنگاوەکانی داهاتووی بۆ بەشداربووان باس کرد و گوتی: "کاتێک دڵەکان یەکبوون، سنوورەکان نامێنن. وەک ھەنگاوی یەکەم لە پەرلەمانی تورکیا کۆميسیۆنێک دادەمەزرێنین و دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە. نەک تەنیا پرسی ھاووڵاتیانی کوردمان، بەڵکو پرسی برا کوردەکان لە عێراق و سووریاش پرسی ئێمەیە. لەگەڵیاندا گفتوگۆ لەسەر ئەم پرۆسەیە دەکەین، ئەوانیش زۆر دڵخۆشن. برای کوردم کێشەت ھەیە، دادەنیشین و گفتوگۆی لەسەر دەکەین. برای عەلەویم کێشەت ھەیە، بە گفتوگۆ چارەسەری دەکەین. باوەڕ بکەن بەرەکەت ڕوومان تێدەکات".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "٤١ساڵە داردەستەکانی تیرۆر و خوێنمژەکان براوەبوون. ئەوانەی پلانە گڵاوەکانیان لەسەر حیسابی تورک-کورد-عەرەب داڕشتبوو براوەبوون. ئەمڕۆ یارییە گڵاوەکە تێکدەدەین و هەڵیدەوەشێنینینەوە. بە کۆتاییھاتنی تیرۆر، دەوڵەتی کۆماری تورکیا زۆر بەھێزتر و متمانەبەخۆتر دەبێت لە جاران. وزەی خۆمان لەسەر ئەرکە سەرەکییەکەمان چڕ دەکەیەنەوە. سەرچاوەکانمان نەک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەڵکو بۆ پەرەپێدان، ئاسایش و خۆشگوزەرانی تورکیا بەگەڕ دەدەین. بەبێ ئازاردانی کەس و بە لەبەرچاوگرتنی ھەستیاری پرۆسەکە، ئاسانکاری دەکەین بۆ ئەوەی کارەکە بە خێرایی بە ئەنجام بگات. بە وریاییەوە چاودێری ڕادەستکردنی چەکەکان دەکەین. بێگومان ئەوانەی لە دەستمانچوون ناگەڕێنەوە، بەڵام پشتیوان بە خودا جارێکی دیکە گەنجەکانمان لە بەھاری تەمەنیاندا جێمان ناھێڵن".
سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "دەستی دایک و باوکی شەهیدەکانمان ماچ دەکەم و پێیان دەڵێم کە هیچ کەسێک ناتوانێت دەستدرێژی بکاتە سەر یادی ئازیزی شەهیدەکانمان و میراتەکەیان لەکەدار بکات. تورکیا بە برایەتی گەشە دەکات و بە دیموکراسی بەھێز دەبێت. تورکیا لە سەقامگیریی و ئارامییدا بەرەو داھاتوو ھەنگاو دەنێت. شەهید و قارەمانەکانی جەنگمان تورکیایان گەیاندە ئێرە. منەتباری تاکە بە تاکەیانین و هەرگیز ڕێگە نادەین بیرەوەرییەکانیان پێشێل بکرێت".
لە کۆتاییدا سەرکۆمار ئەردۆغان پەیامی ناوچەیەکی بێ تیرۆری ئاراستە کرد و گوتی: "بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ حکوومەتی سووریا و ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکانماندا. لە دڵەوە باوەڕم وایە لەوێش دەفتەری تیرۆر دادەخرێت و برایەتی سەردەکەوێت".