سەرکۆمار ئەردۆغان: "لە ھەموو ئاستێکدا بەڕوونی ھەستیارییەکانمان لەبارەی پرسە ھەرێمییەکان بە لایەنی ئەمریکا گەیاندووە"
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "ئێمە دەستبەرداری F-35 نەبووین. نیەتمان لەبارەی گەڕانەوە بۆ پرۆژەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ دەکەین".

Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئێمە دەستبەرداری F-35 نەبووین. نیەتمان لەبارەی گەڕانەوە بۆ پرۆژەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ دەکەین".
لە میانی گەڕانەوەی بۆ تورکیا کە بەمەبەستی بەشداری کردن لە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆدا سەردانی شاری لاهای هۆڵەندای کردبوو، سەرکۆمار ئەردۆغان لە ناو فڕۆکەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا و وەڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی نێودەوڵەتییدا زانیاریی وردی دەربارەی لووتکەکە و ئەو بڕیارانەی دراون خستووەتەڕوو، ئاماژەی بەوەیش کرد کە زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگریی هاوپەیمانان گرنگترین ئەجێندای لووتکەکە بووە.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لەگەڵ ترەمپی هاوڕێم کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدارمان ئەنجامدا، هەرلە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانمانەوە تا هاوبەشی ناتۆ و پرسە هەرێمی و جیهانییەکان زۆر بابەتمان تاوتوێ کرد".
گوتیشی: "(پرسە هەرێمییەکان) هەڵوێستەکانمان بۆ چارەسەری پرسەکان بە بەڕێز ترەمپ ڕاگەیاند و، لەمبارەیەوە چاوەڕێی پشتیوانی لێدەکەین. ترەمپ بەئەرێنی لە پێشنیارەکانمانی ڕوانی".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشى خستەڕوو کە بە ئاماژەدان بە هەوڵەکانی لەبارەی ئاگربەستی ئیسرائیل-ئێران، (بەترەمپ)م ڕاگەیاند چاوەڕوانی هەمان هەوڵی لێدەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان لە غەززە و ڕووسیا-ئۆکراینا.
سەبارەت بە پرسی فڕۆکەی جەنگی F-35، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئێمە دەستبەرداری F-35 نەبووین. نیەتمان لەبارەی گەڕانەوە بۆ پرۆژەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوتوێ دەکەین".
هەروەها لە بارەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئێمە وڵاتەکەمان تا خاڵێک هێناوە، بەڵام بەمە ڕازی نابین. پێویستە تواناکانمان لە بواری مووشەکیدا زیاد بکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان سەبارەت بە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز ڕایگەیاند: "داخستنی گەرووی هورمز کێشەیەکی گەورە دروست دەکات. ئێمە پێمان وایە ئێران هەنگاوێکی لەم شێوەیە نانێت".
دەربارەی کاریگەری پێشهاتەکان لەسەر گواستنەوەی غازی سروشتیی، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "هەرگیز ئێمە ئەگەری ئەوە دانانێین دۆخێک بێتە ئاراوە غازی سروشتیمان ببڕدرێت. لە ئێستادا لە ئێرانەوە غازی سروشتیمان پێدەگات و هیچ کێشەیەکمان نییە".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە بارەی ڕووسیا-ئۆکراینا ڕایگەیاند: "پێویستە ئەم جەنگە کۆتایی بێت. ئیدی ناوچەکە بەرگەی ئەمە ناگرێت. پێویستە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمیشەیی لە ناوچەکەدا فەراهەم بێت".
دەربارەی پرسی غەززە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "تەنانەت لەو کاتانەشدا کە سەرنجەکان لەسەر بوارەکانی دیکە بوون، ئێمە ڕێگەمان نەداوە و نادەین غەززە لە بیر بکرێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دیدارەکەی لەگەڵ سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن کرد و، ڕایگەیاند: "(سەرکۆماری فەڕەنسا ماکرۆن) خۆی گوتی لەبارەی غەززە لەگەڵ ئیسرائیل قسە دەکات. ئێمەش گوتمان ئەگەر ئەم هەنگاوە بنێیت، سوپاست دەکەین".
سەبارەت بە پرسە هەرێمییەکان، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لە ھەموو ئاستێکدا بە ڕوونی ھەستیارییەکانمان لەبارەی پرسە ھەرێمییەکان لەوانە سووریا و بەتایبەتیش ھێزەکانی سووریای دیموکرات بە لایەنی ئەمریکا ڕاگەیاند".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە بارەی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، ڕایگەیاند: "لە پەرلەماندا یەکگرتویی گەورەی تێگەیشتن دروستبووە، پشتیوانی بۆ پرۆسەکە لە ئاستی بەرزدایە. پێویستە بابەتەکە نەخەینە مەیدانی مشتومڕو ماندوکەری سیاسەتی ڕۆژانە".
ڕاشیگەیاند: "ئیدی تورکیا لەڕێی پتەوترکردنی بەرەی ناوخۆییدا مەودایەکی گرنگی بڕیوە. پرۆسەکە تەواو نەبووە، لەبەرئەوە پێویستە هۆشیار بین بەرامبەر پشێوییەکان".
سەبارەت بە دەستووری نوێ، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئێمە و پارتەکانی دیکەش دەتوانین لە پەرلەماندا ڕوونی بکەینەوە کە چی لە دەستوری نوێ تێگەیشتووین.وەک هاوپەیمانی جومهور ڕاستگۆین لەبارەی دەستوری مەدەنی و ئازادیخواز".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە بارەی هەڵوێستی جەهەپە، ڕایگەیاند: "(جەهەپە) سەبارەت بە پرسە سەرەکییەکانی تورکیا قسەیەکی بۆ گوتن نەماوە، ئەم پارتە گەورەیە بووەتە دیلی ئارەزووی مشتێک ڕاوکەری پۆست و پلە و پایە".
گوتیشی: "مەحاڵە نەترسن و شەرمەزارنەبن لەوەی چییان بە کەسێک کردووە کە ١٣ ساڵ ڕێزیان دەگرت. چیان گوتووە؟ لە بیزەنتین یاری کۆتایی نایەت و لە ناو جەهەپە-شدا شەڕ کۆتایی نایەت".
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دەم پارتی، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەگەر ببێتە نسیب، هەفتەی داهاتوو دیدارێکم لەگەڵ شاندی دەم (پارتی) دەبێت. چەند بابەتێک سەبارەت بە پرسی تورکیای بێ تیرۆر هەیە، گفتوگۆیان لەسەر دەکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ)، ڕایگەیاند: "لە دوایین ئۆپەراسیۆنەکانیشدا دەبینین هێشتا ڕێکخراوەکە بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ دزەکردنە ناو پێکهاتە هەمەجۆرەکان. هەرگیز لەمبارەیەوە سستیمان نەنواندووە و ناینوێنین".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن