Hamdi Çelikbaş
25 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2017
ئەنقەرە - AA
پێگەکانی بنکەکانی پەکەکە لەهەریەک لە چیای شنگال لە باکووری عێراق و چیای کاراچۆغ لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا لە لایەن سوپای تورکیا کرایە ئامانج و بۆردومان کران.
لەراگەیەنراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە ''سووریا و باکووری عێراق لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە و درێژکراوەکانی لە هەریەک لەو دوو وڵاتە، بەمەبەستی رەوانەکردنی تیرۆریست، چەک و تەقەمەنی و ماددەی تەقینەوە بۆ تورکیا، بە تایبەت لە ماوەی رابردوو بەشێوەیەکی چڕ و پڕ بەکاردەهێنرێت''.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەو چەکدارانەی لەو ناوچانەوە بۆ نێو خاکی تورکیا دزەیان پێکراوە و ئەو چەک و تەقەمەنییانەی بۆیان رەوانە کراوە، لەرێگەیانەوە هێرشکراوەتە سەر بنکەکانی سوپا لەسەر سنوور و دوایین جاریش لە دیاربەکر تونێلێکیان هەڵکەندووە بەمەبەستی ئەنجامدانی وێرانکاریی و کوشتنی بەکۆمەڵ کردەوەیەکیان رێکخستووە.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا، باسی لەوەشکردووە ئەو ناوچانە بوونەتە لانکەی تیرۆر و تێیدا هاتووە:
''چیای شنگال و چیای کاراچۆغ لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا بە تەواوەتی بوونەتە لانکەی تیرۆر. رۆژی ٢٥ی نیسانی ٢٠١٧ کاتژمێر ٠٢:٠٠ هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر ئەو دوو ناوچەیە وپێگەکانی تیرۆریستان لەو شوێنانە بەتەواوەتی خاپوور کراوە''.