Aylin Dal
25 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
سبەی پێنجشەممە، دادگای دەستووریی تورکیا، پێشنیازی "دواخستنی دۆسیەی داخستنی هەدەپە بۆ دوای هەڵبژاردنەکان" تاوتوێ دەکات و لەوبارەیەشەوە بڕیار دەدات.
لەو دۆسیەیەدا کە تایبەتە بە داواکردنی داخستنی هەدەپە، ئەوە خراوەتەڕوو کە هاوسەرۆکی پارتەکە، میدحەت سانجار داوایەکی پێشکەش بە دادگای دەستووریی کردووە و تیایدا داوای کردووە دۆسیەکە بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣، دوابخرێت.
کارمەندانی دادگای دەستوورییش بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ بەڕاپۆرتکردنی داواکارییەکە و دوای کۆتایی هاتنی راپۆرتەکە، سبەی پێنجشەممە، ئەندامانی دادگای دەستووریی پێشنیازی دواخستنی دۆسییەکە تاوتوێ دەکەن.
- سەرۆکی داواکاری گشتیی بڕیاری بلۆککردنی هەژمارەکانی هەدەپەی راگەیاند
لە قۆناغی یاسایی دۆسیەی داخستنی هەدەپەدا و لەسەر داواکاری دادگای باڵا، دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە و سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی لە پێنجی کانوونی دووەمدا بڕیاری دا ئەو هەژمارانەی هەدەپە کە تایبەتن بەو هاوکارییانەی حکوومەت پێشکەشی هەدەپەیان دەکات، بلۆک بکرێن و ماوەی یەک مانگیش درا بە پارتەکە تا لەم بارەیەوە داکۆکی لەخۆی بکات.
دوای وەڵامی هەدەپە، دووبارە دەستەی گشتیی دادگای دەستووریی، هەڵسەنگاندن بۆ بڕیاری بلۆککردنی هاوکارییەکانی حکوومەت بۆ ئەو پارتە دەکاتەوە. لە دوای وەڵامی دەستەکەش بڕیار لەسەر جێبەجێکردن یاخود هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بلۆککردنی هەژمارەکان دەدرێت.
- قۆناغی دۆسیەی داواکردنی داخستنی هەدەپە
لە قۆناغی دۆسیەی داواکردنی داخستنی هەدەپەدا، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی سەربە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە، بەکر شاهین لە ١٠ی کانوونی دووەمدا، لێدوانی خۆی دەربارەی دۆسیەکە پێشکەش کرد.
بڕیاریشە راپۆرتنووسی تایبەتی دادگای دەستووریی، دوای داکۆکی زارەکی بەرپرسانی هەدەپە لەو رۆژەدا کە بۆیان دیاریی کراوە، زانیاری و بەڵگەکانی تایبەت بە دۆسیەکە کۆبکاتەوە و راپۆرتێکیان لێ ئامادە بکات.
دوای دابەشکردنی راپۆرتەکەش بەسەر ئەندامانی دادگای باڵادا، سەرۆکی دادگا رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاریی دەکات، لەو رۆژەدا ئەندامانی دادگای باڵا کۆدەبنەوە و دەست دەکەن بە ئەنجامدانی دانیشتنی بنچینەیی لەسەر دۆسیەی داواکاری داخستنی هەدەپە.