دەستگیرکردنی هەزار و ١٧٧ کۆچبەری نایاسایی لە ئۆپەراسیۆنەکانی قەڵغان-١٩دا
- وەزیری ناوخۆی تورکیا، عەلی یەرلیکایا: "هەرگیز ڕێگە بەو قاچاغچیانەی مرۆڤ نادەین کە هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان بکەنە ئامانجی کۆچی نایاسایی و ڕێگای گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی".
Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، عەلی یەرلیکایا، ئاماژەی بەوە کرد لەو ئۆپەراسیۆنانەی قەڵغان-١٩دا هەزار و ١٧٧ کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، یەرلیکایا ئاماژەی بەوە کرد ئۆپەراسیۆنێکیان بە ناوی قەڵغان-١٩ بۆ سەر قاچاغچیانی کۆچبەر و کۆچبەرانی نایاسایی ئەنجامداوە.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لەو ئۆپەراسیۆنەدا، هەزار و ١٧٧ کۆچبەری نایاسایی دەستگیر کراون.
یەرلیکایا ڕایگەیاند: "هێزەکانی پۆلیس، جەندەمە و کەنارئاوەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و هەروەها پارێزگاکانی ٣٠ گەورە شاری تورکیا، لە ڕۆژانی شەش هەتا ١٠ی نیسان دەستیان بە هەڵمەتێک کردووە و لەم ماوەیەدا ناسنامەی ٢٢ هەزار و ٧٠٧ کەس پشکێندراوە و دەرکەوتووە کە هەزار و ١٧٧ یان کۆچبەر نایاسایین".
وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕاشیگەیاندووە کە، دەستگیرکراوەکان بە مەبەستی ناردنەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ کراون.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە، "دەمەوێت گەلە ئازیزەکەمان بزانێت کە هەرگیز ڕێگە بەو قاچاغچیانەی مرۆڤ نادەین کە هەوڵ دەدەن وڵاتەکەمان بکەنە ئامانجی کۆچی نایاسایی و ڕێگای گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی".