Ömer Yasin Ergin,Hamdullah Zengin
22 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2021
دیاربەکر- AA
دوای کوڵاندنی ئەو ترێ خۆماڵییەی کە لە گوندەواری شارۆچکەی ئەغیلیی سەر بە پارێزگای دیاربەکر لە باشووری خۆرھەڵاتی تورکیا پێدەگات بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە مەنجەڵی مسدا، باسوق، سجوقی بە گوێز و دۆشاوی لێ درووستدەکرێت.
جوتیارەکانی گوندی دۆشەمەلەری سەر بە شارۆچکەکە، دوای ماندووبوونێکی زۆر دەستیان بە لێکردنەوەی بەرھەمی ترێی ئەمساڵ کرد.
جوتیارەکان کە بەرەبەیانی زوو دەچن بۆ باخەکانیان، دوای کۆکردنەوەی بەرھەمەکانی ترێ بە سەبەتە دەیخەنە ناو تراکتۆرەوە و دەیھێنەوە بۆ ناو گوند.
دواتر گوندنشینەکان ترێکە دەگوشن و لە ئاوەکەی باسوق، سجوقی بە گوێز و دۆشاو لێ درووستدەکەن.
بەھجەت گۆردوکی تەمەن ٦١ ساڵان، کە دانیشتووی گوندەکەیە و نزیکەی ٥٠ ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی سەرقاڵی ئەم کارەن، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ماوەی ١٠٠ ساڵە ئەم باخەیان ھەیە و لە باپیرییەوە بۆ باوکی و لەوەوە بۆ خۆی ماوەتەوە.
گۆردوک، ئاماژەی بەوە کرد کە بەرھەمھێنانی باسوق، سجوقی بە گوێز و دۆشاو زۆر قورسە و رایگەیاند کە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر بە دیار ئاگرەوە رادەوەستن بەڵام لە کۆتاییدا بەرھەمی جوان بەدەست دەھێنن.
بەھجەت گۆردوک، گوتی: "ئاوی ترێکە لە رێگەی پانکردنەوە دەریدەکەین و لە مەنجەڵدا دەیکوڵێنین. بە بەردەوامی بە دیار ئەو مەنجەڵە رادەوەستین کە دەکوڵێت. دواتر ئارد دەکەین بەسەریدا و دەیکەینە ھەویرێکی شل. لە ھەویرە شلەکەدا، باسوق، سجوقی بە گوێز درووست دەکەین. دوایی دۆشاویشی لێدرووست دەکەین".
گوردک، گوتیشی: "کارێکی قورسە بەڵام قورسییەکەی دەھێنێت، چونکە تامەکەی بۆ ئێمە گرنگە. بەردەوامیدان بە دابونەریتە کۆنەکانمان دڵخۆشمان دەکات. ھەرچەندە قورس بێت باخچەکەمم خۆشدەوێت. ھەموو کەسێک ئاوھایە بە خۆشەویستییەوە ئەم ئیشە دەکەن".