Muhammet Ali Kemal
03 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2016
ئەو داواکارییەی بۆ گۆڕینی دەستووری تورکیا کە بەمەبەستی هەڵگرتنی پارێزبەندیی ژمارەیەک پەرلەمانتار پێشکەشکرابوو، لەلایەن لیژنەی دەستوورییەوە لە پەرلەمان، پەسەند کرا.
داواکارییەکە زیادکردنی ماددەیەکی کاتیی بۆ دەستووری تورکیا لەخۆدەگرێت و بەگوێرەی ئەو پێشنیارەی پەرلەمانتارانی ئاک پارتی پێشکەشیان کردووە، گۆڕانکارییەکە ئەنجامدرا.
بەم پێیەش، هەرکاتێک گۆڕانکارییەکە لە پەرلەمان پەسەندکرا، چیتر ماددەی ٨٣ی دەستوور کە تایبەتە بە رێکخستنی ''پارێزبەندیی یاسایی'' و تێیدا هاتووە :''ئەو پەرلەمانتارەی بانگەشەی ئەوە دەکرێت لە پێش یان دوای هەڵبژاردن تاوانێکی ئەنجامدابێت، بێ بوونی بڕیاری پەرلەمان ناتوانرێت دەستگیربکرێت، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت و دادگایی بکرێت'' چیتر کاری پێناکرێت سەبارەت بەو پەرلەمانتارانەی لەلایەن داواکارانی گشتیی و دادگاکانەوە دۆسیەکانیان رەوانەی وەزارەتی داد، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە و داوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەکرێت.
لەو بەروارەشەوە کە گۆڕانکارییە یاساییەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە تاوەکو ١٥ رۆژ، ئەو دۆسیانەی سەبارەت بە داواکاریی هەڵگرتنی پارێزبەندی یاسایی پەرلەمانتاران رەوانەی هەریەک لە لیژنەی دەستوور و کۆمیسیۆنی هاوبەشی داد لە پەرلەمان، سەرۆکایەتی پەرلەمان، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی داد کراون، دەگەڕێنرێنەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ئەو گۆڕانکارییە یاساییە لەو بەروارەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بڵاودەکرێتەوە و داواکارییەکەش دوای ئەوەی کە پەرلەمانتارانی هەدەپە کۆمیسیۆنەکەیان بەجێهێشت، بەکۆی دەنگ پەسەند کرا.