Sangar Hamad Azeez
08 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2016
جاكارتا
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا نومان كورتوڵموش، لە كۆنفرانسی "سیاسەتی دەرەوەی توركیا و قۆناغی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" لە جاكارتای پایتەختی ئیندۆنێزیا گوتارێكی پێشكەش كرد كە بە هاوبەشی لە نێوان توركیا و ئیندۆنێزیا ئامادە كرابوو.
كورتوڵموش باسی لە رووداوەكانی تیرۆر كرد و گوتی: "تیرۆر گرنگ نییە بەڵكو هۆكاری سەرهەڵدانەكەی گرنگە، بۆ نموونە تەنیا داعش یاخود بۆكۆ حەڕام نییە، ئەوان هەموو هەڵقوڵاوی یەك دەرئەنجامن، پێویستە ئێمە ئەو هۆكارانە بنەبڕ بكەین كە تیرۆری لێ دروست دەبێت، ئەویش نادادپەروەریە، دیكتاتۆریەتە، جەنگی ناوخۆیە، داگیركاری و گەندەڵییە، ئەگەر بێتو ئەمانە نەهێڵین تیرۆر بەخۆی لە ناودەچێت".
ناوبراو درێژەی بە قسەكانی دا و گوتی: "ئەگەر رووسیا و ئەمریكا دەستوەردانیان لە ئەفغانستان نەكردبایە ئەلقاعیدە دروست نەدەبوو. بەهەمان شێوە ئەگەر ئەمریكا نەهاتبوایە عێراق و رژێمەكەی سووریا ستەمی لە هاووڵاتییانی نەكردبایە و كۆمەڵكوژی ئەنجام نەدابوایە ئێستا داعش بوونی نەدەبوو".
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا نومان كورتوڵموش تیشكی خستە سەر ناسەقامگیری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بووەتە هۆی كۆچكردن و گوتی: "لە ساڵی ٢٠١١ەوە تاوەكو ئێستا توركیا نزیكەی سێ ملیۆن پەنابەری سووری و عێراقی حەواندۆتەوە كە بە هۆكاری ئایین، زمان و نەتەوە دەربەدەر بوون و نزیكەی ٩ ملیار دۆلاری بۆ ئەو پەنابەرانە خەرج كردووە".
كورتوڵموش جەختی كردەوە لەوەی كە لە ئێستادا لە جیهان ناداپەروەرییەكی زۆر هەیە و گوتی: "بۆ نموونە وڵاتی ئیسرائیل بەردەوام مافی مرۆڤ پێشێڵ دەكات، هیچ وڵاتێك كاردانەوە نیشان نادات و وەك ئەوەی هیچ نەبووبێت، ئەگەر دەمانەوێت تیرۆر نەمێنێت دەبێت هەموو وڵاتەكان بەیەكەوە هەوڵ بدەین".