Muhammet Ali Kemal
03 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2016
فراکسیۆنی ئەحراری سەربە رەوتی سەدر سەبارەت بە بانگەشەکانی چوونی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتەکە بۆ ئێران، رایگەیاند ''هیچ زانیارییەکمان سەبارەت بەو سەردانە نییە. هەروەک چۆن بەشێک لە خانەوادەی سەدر لەعێراقن، بەو شێوەیەش بەشێکیان لە بەیرووت و بەشێکی دیکەیان لە تارانن''.
سەرۆکی ئەو فراکسیۆنە کە ٣٤ پەرلەمانتاری لە پەرلەمانی عێراق هەیە، زیا ئەسەدی روونکردنەوەیەکی نووسراوی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە کە بانگەشەکان سەبارەت بە چوونی سەدر بۆ ئێران ''مایەی سەرسووڕمانن''.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە ''ئەگەر بەڕاستی سەدر چووبێت بۆ ئێران، ئەوا سەردانەکەی کراوەتە بابەتێک بۆ سەرسووڕمان. ئێمە هیچ زانیارییەکمان سەبارەت بەو سەردانە نییە. هەروەک چۆن بەشێک لە خانەوادەی سەدر لەعێراقن، بەو شێوەیەش بەشێکیان لە بەیرووت و بەشێکی دیکەیان لە تارانن و ناوە ناوە سەردانیان دەکات. سەدر لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتاندا پەیوەندیگەلی کۆمەڵایەتی، سیاسی و زانستیی هەیە''.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە ''تەنانەت ئەگەر بێتو موقتەدا سەدر نیو سەدە لە ئێران بمێنێتەوە، ئەوان مل بۆ هیچ فەرمانێک یان فشارێک کە لەبەرژەوەندی عێراق نەبێت، کەچ ناکات. ناوبراو پەیوەستە بەو فەتوایەی باوکییەوە کە سەبارەت بە رێزگرتن و هاوپشتیی لە کۆماری ئیسلامی ئێران دەریکردبوو. سەدر رێز لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی دەگرێت و هاوپشتیانە''.
ئاماژە بەوەشکراوە، دروشمەکانی لایەنگرانی رەوتی سەدر لەکاتی چوونە نێو ناوچەی سەوزەوە لە بەغدا دژی وڵاتی ئێران، لەلایەن رەوتەکە و فراکسیۆنی ئەحرارەوە مایەی قبووڵکردن نییە.
دوێنێ لە میدیای عێراقیدا هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە، موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر لە نەجەفەوە بەرەو تاران رۆیشتووە و لەوێشەوە چووەتە شاری قوم.