Hemn Baban
04 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2016
بۆردی مافی چارەنووس لەیەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان و رێكخراوی یاساناسانی یەكگرتووی ئەڵمانی كوردی پڕۆتۆكۆلێكی لێكتێگەیشتنی 10 خاڵییان واژۆ كرد تایبەت بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، ئەندامی بۆردی چارەنووس لە یەكێتییەكە عەبدولباری مودەڕیس دەڵێت "هەوڵەكانمان بەبێ سیاسەت و حكوومەت ئامانجی باش بەدەست ناهێنێت، بۆیە لەگەڵ سەنتەری بڕیار كاردەكەین".
پەیوەندیكردن راستەوخۆ لەگەڵ دامودەزگاكانی یەكێتی ئەورووپا بۆ تاوتوێكردنی بابەتی سەربەخۆیی باشووری كوردستان خاڵێكی پڕۆتۆكۆلەكەیە.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە بۆردی مافی چارەنووس لەیەكێتی پەرلەمانتارانی كوردستان و رێكخراوی یاساناسانی یەكگرتووی ئەڵمانی كوردی پڕۆتۆكۆلێكی لێكتێگەیشتنی 10 خاڵییان واژۆ كرد تایبەت بە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان.
پرۆتۆكۆلەكە لەلایەن نوێنەری بۆردی مافی چارەنووس عەبدولباری مودەڕیس و نوێنەری رێكخراوی یاساناسانی یەكگرتووی ئەڵمانی كوردی قەهرەمان ئەڤسن بەزمانی كوردی و ئەڵمانی بەدوای یەك خوێندرایەوە.
ئەو خاڵانەشی لەپرۆتۆكۆلەكەدا هاتوون بریتیین لەمانەی خوارەوە:
- كاراكردنی هەوڵەكان بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەنووس بۆ كوردستان بەتایبەت سەربەخۆیی كوردستانی باشوور.
- بێلایەنی نواندن لەپێناو بەرژەوەندی سەرتاسەری كوردستان.
- كۆبوونەوەی بەردەوام بۆ داڕشتنی نەخشەڕێگەیەك و دانانی ستراتیژییەتێكی كارا بۆ بەدیهێنانی خاڵی یەكەم، بەلایەنی كەم ساڵی جارێك لە ئەورووپا و كوردستان كۆببنەوە.
- رێكخستنی كۆنفڕانس و سمیناری بەردەوام دەرباری مافی چارەنووس.
- رێپیشاندانی یاسایی بۆ ئامانجی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی.
- پەیوەندیكردن بە رێكخراوە خۆجێی و نێودەوڵەتییەكان بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان.
- پەیوەندیكردن راستەوخۆ لەگەڵ دامودەزگاكانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ تاوتوێكردنی بابەتی سەربەخۆیی باشووری كوردستان.
- هەوڵدان بۆ پەیوەندییەكی ئەكتیڤ لەگەڵ ناوەندی بڕیاردان لە هەرێمی كوردستان و ئەورووپا.
- گرنگیدان بە توێژینەوە و بابەتی پەیوەست بە پڕنسیپی مافی چارەنووسی كوردستان.
-یارمەتیدانی ژێرخانی بنەماكانی دەوڵەت و چەسپاندنی دیموكراتی لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا بۆ ئامادەباشی سەربەخۆیی كوردستان.
دوای واژۆكردنی پرۆتۆكۆلەكە عەبدولباری مودەڕیس لە لێدوانێكدا بۆ راگەیاندنەكان گوتی "پرۆتۆكۆلەكە هەوڵدانێكە لەژێر چەتری یەكێتیی پەرلەمانتارانی كوردستان، بەڵام بەبێ سیاسەت و حكوومەت ئامانجی باش بەدەست ناهێنێت، بۆیە لەگەڵ سەنتەری بڕیار كاردەكەین".
گوتیشی "ئێمە لە پرۆتۆكۆلەكەش روونمان كردووەتەوە كە لەهەوڵدان داین و پێویستمان بە یارمەتی دەرەوەش هەیە".