Zafer Fatih Beyaz
29 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2020
ئەنقەرە - AA
وەزيرى تەندروستيى توركيا، فەخرەددين كۆجا، گوتى، "لێرە بەدواوە بە درێژايى ماوەى پەتاكە لە نەخشەى رۆژانەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە توركيا، بە پێى پێوەرە نێودەوڵەتييەكان، ژمارەى ئەو نەخۆشانەش تۆمار دەکرێت كە دۆخى تەندروستييان ناجێگيرە".
كۆجا، لە بڵاوكراوەيەكيدا لە تۆڕەكۆمەڵايەتييەكان رايگەياند، "ئيتر وەک هاوپێچ لەگەڵ ژمارەى نوێ و كۆى گشتى حاڵەتەكانى تووشبوون، بۆ خستنەڕووى وردەكارى زياترى پەتاكە رێژەى ئەو نەخۆشانەش بڵاودەكەنەوە كە هەوركردنى سييەكانيان هەيە".
وەزيرى تەندروستیى توركيا، فەخرەددين كۆجا، لە هەژمارى تايبەتى خۆى لە تويتەر، "نەخشەى رۆژانەى ڤايرۆسى كۆرۆنا"ی بڵاوكردهوه كە دوايين ئامارەكانى ڤايرۆسى كۆرۆنا له توركیا لەخۆدهگرێت. بەپێی نەخشەكە ئەمڕۆ ٤٥ هەزار و ٧١٢ پشكنينى ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) ئەنجامدراون. دەرەنجام، ٩٤٢ حاڵەتى نوێى تووشبوون بە ڤايرۆسى كۆرۆنا تۆماركراوە.
بەپێی ئامارەكان، لە ٢٤ كاتژمێری رابردوودا، ٩٩٦ نەخۆش چاكبوونەتەوە و ١٤ تووشبووش گيانيان لەدەستداوە. كۆى گشتيى، چوار مليۆن و ٧١١ هەزار و ٩٥ پشكنينى (COVID-19) ئەنجامدراون، كۆى گشتیی حاڵەتەكانى تووشبوون گەيشتووەتە ٢٢٨ هەزار و ٩٢٤ حاڵهت و گيانلەدەستدانيش گەيشتووەتە پێنج هەزار و ٦٩٥ حاڵهت.
ژمارەى ئەو نەخۆشانەى كە دۆخى تەندروستييان ناجێگيرە ٥٤٢ نەخۆشن و رێژەى هەوركردنى سييەكان لاى نەخۆشەكان لەسەدا ٩،٤ـە.