Mehmet Akif Parlak
29 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2021
عەنتاب - AA
بیبەری تون یان بیبەری تیژ کە یەکێکە لە بەهاراتە لەبیرنەکراوەکانی چێشتخانەی تورکیا و جیهان کە تامێکی نایاب بە خواردنەکان دەبەخشێت لە پارێزگای عەنتاب لە پلەی گەرمای بەرزدا، بەرهەم دەهێندرێت.
لە شارۆچکەی ئیسڵاحییە سەربە پارێزگای عەنتاب، بیبەرە سوورەکان کە بە ماندووییەکی زۆر لەلایەن کرێکارانەوە لە کێڵگەکان کۆدەکرێتەوە و رەوانەی کارگەکان دەکرێت لە دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر لە گەرمای زۆر و سەختدا دەگاتە دەستی بەکاربەرانی.
بیبەرەکان دوای ئەوەی لە کارگەکاندا کاریان لەسەر دەکرێت لە گۆڕەپانە گەورەکاندا هەڵدەخرێن و لەژێر خۆردا وشک دەکرێنەوە. دوای مانەوەی سێ رۆژ لەژێر تیشکی خۆردا لەلایەن کرێکارانەوە تێکوەردەدرێت و تێکەڵدەکرێت تا بە خوانی وشک دەبنەوە، ئەو بیبەرانەی وشک دەبنەوە رەنگیان دەگۆڕێت بە ئامێری تایبەت دەهاڕدرێن و دەخرێنە پاکەتەوە و رەوانەی بازاڕ دەکرێن.
بەرهەمهێنەری بیبەر، موزەفەر کۆسە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە بەشێکی زۆری پێداویستی بیبەری تورکیا لە شارۆچکەی ئیسڵاحییە دەستەبەر دەکرێت.
موزەفەر کۆسە باسی لەوە کرد کە لە هەفتەی یەکەمی مانگی ئابدا، دەستدەکرێت بە بەرهەمهێنانی بیبەرەکە و گوتی: ''رۆژانە ١٠٠ تۆن بیبەری سەوز پاکدەکرێتەوە و دەهێنرێتە گۆڕەپانەکە و دەخرێتە بەر خۆر. رۆژانە ١٢٠ تۆن بیبەر بەرهەم دەهێنین. لە شارۆچکەکەماندا لەسەر رووبەری ٢٠ هەزار هێکتار و لە شارۆچکەی دراوسێمان نورداغ لەسەر رووبەری ١٢ هەزار هێکتار بیبەر دەچێندرێت. ئەوەیش نزیکەی ١٠ هەزار تۆن بیبەرمان بۆ بەرهەم دەهێنێت. سەدا ٨٠ی ئەو بیبەرە بۆ ناوخۆ و سەدا ٢٠یشی بۆ دەرەوە هەناردە دەکەین کە بەزۆری بۆ وڵاتانی ئەورووپای دەنێرین''.
گوتیشی: ''بیبەرەکە تامەکەی لە تیشکی خۆرەوە وەردەگرێت. تیشکی خۆرمان، ئەو بایەی لە نورداغ-ەوە دێت و کەمی شێ، جۆرێتی بەرهەمەکە باشتر دەکات. باشترین جۆری بەرهەم لێرە بەرهەم دەهێندرێت. لە هیچ شوێنێکی دیکە بەو رەنگە و جۆرە بەرهەم نایەت''.
موزەفەر کۆسە ئەوەشی خستەڕوو کە لە هەر قۆناغێکی بەرهەمهێنانی بیبەرەکەدا، سەدان کەس کار دەکەن و گوتی: ''لە ٤٠٠ خاڵی جیاوازدا تەنها ئەو کرێکارانە کار دەکەن کە تۆوی بیبەرەکان دەردەهێنن. کرێی ئەوانە لەنێوان ١٠٠-٢٠٠ لیرەی دەگۆڕێت. ئەگەر لە ماڵێکدا حسابی پێنج کەس بکەین بەڕاستی هەلێکی کاری باشە. لە شارۆچکەکەماندا نزیکەی سەدا ٥٠ی دانیشتوانەکەی بژێویان لەسەر بەرهەمهێنانی بیبەری تونە''.