Rewa Mahmut Hasan
23 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2016
عەنتاب
دوای ئەوەی هەریەک لە راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێرکڵ و سەرۆکی کۆنسەیی یەکێتی ئەوروپا دۆناڵد تاسک بەسەردانێک گەیشتنە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، بەیاوەری سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لەگەڵ چەند وەزیر و یاریدەدەرێکی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، لە شاری عەنتابی تورکیا سەردانی کەمپی ئاوارەکانی سووریایان کرد.
دوای ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری رەوشی ئاوارە سووریەکان بوون، کۆنگرەیەکی هاوەبەش بۆ هەریەک لە داودئۆغڵو،مێرکڵ و تاسک رێکخرا.
لە کۆنگرەى رۆژنامەوانى هاوبەشدا داودئۆغڵو ئاماژەی بەو هێرشانە کرد کە کرایە سەر شاری کلیس و گوتی: "پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی کەسوکاری ئەو ھاوڵاتیانە دەکەم کە لە کلیس گیانیان لەدەستداوە. ئێمە وەک دەوڵەتی تورکیا بەردەوام دەبین لە رووبەڕوو بوونەوەی ھەر ھەڕەشەیەک کە دەرحەق تورکیا دەکرێت، ئیتر ئەگەر ھەڕەشەکە لە رژێمی ئەسەد، داعش یا پەکەکەو یەپەگەوە بێت بەرامبەر بە تورکیا ، لەچوارچێوەی خۆیدا وەڵامی ھەڕەشەکانیان دەدەینەوە".
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا داودئۆغڵو باسی لە رەوشی ئاوارەکان و دۆخی ناو سووریا کرد و باسی لە هەوڵەکانی وڵاتەکەی کرد لەبارەی کۆتاییهێنان بەو دۆخە ناهەموارە و گوتيشی: "تەنیا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە بەناوی حکوومەتی تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیاوە تەنیا هەوڵ و تەقەڵای ئێمە بۆ ئەوەیە کە چارەسەرییەک بدۆزینەوە بۆ ئەو تراژیديەی کە گەورەترین کارەساتە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە".
لەبارەی هەڵگرتنی ڤیزای نێوان تورکیا و یەکێتی ئەوروپا و وەرگرتنەوەو گەراندنەوەی پەنابەران داودئۆغڵو گوتی: "پرسی هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان تورکیا ویەکێتی ئەوروپا، بەشێکی دانەبڕاوی هەردوولایە. پەیوەندیەکی راستەوخۆ هەیە لەنێوان پرسی رەوانە کردنەوەی ئاوارەکان و هەڵگرتنی ڤیزا، کە هەردووکیان پێکەوە دەخرێنە بواری جێبەجێ کردنەوە".
لای خۆیەوە سەرۆکی کۆنسەیی یەکێتی ئەوروپا دۆناڵد تاسک رایگەیاند کە تورکیا تاکە وڵاتی نموونەییە لە جیهاندا كە پێشانمان دەدات چۆن پێویست دەکات ئاوارە لەخۆبگرین.