Mümin Altaş
19 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2021
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگهیاند: "بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی ئەفغانستان، سەلامەتیی تورکە ھاونەژادەکانمان کە لەوێ دەژین و پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان، ئامادەی ھەموو جۆرە ھاریکارییەکین".
رهجهب تهیب ئەردۆغان، لە کۆشکی چانکایا لە میانی بەشداریکردنی لە پەخشێکی راستەوخۆی ھاوبەشی کەناڵەکانی؛ كهناڵ حهوت، ئولكه تیڤی، تیڤی نێت، تیڤی ٢٤ و تیڤی ٣٦٠دا وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەست بە رۆژەڤی دایەوە.
سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکانی ئەفغانستان ئەردۆغان، رایگهیاند: "کێ لە دەسەڵاتدا بێت با ببێت، لە رۆژی خۆشی و ناخۆشیدا پشتیوانیی کردن لە ئەفغانستان، پابەندبوونە بە بەڵێن و پێویستییەکی برایەتییە".
گوتیشی: "پێشتر ئەوەمان گوتبوو کە پێشوازیی لە بەرپرسانی تاڵیبان دەکەین. ئەمڕۆش بارێزگاری لەو ھەڵوێستەمان دەکەین".
سهركۆماری توركیا ئاماژەی بەوە کرد، پێشوازیی لە لێدوانە میانڕەوانە و نەرمەکانی بەرپرسانی تاڵیبان دەکەن و گوتی: "بۆ خۆشگوزەرانی خەڵکی ئەفغانستان، سەلامەتیی تورکە ھاونەژادەکانمان کە لەوێ دەژین و پاراستنی بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان، ئامادەی ھەموو جۆرە ھاریکارییەکین".
رهجهب تهیب ئەردۆغان دەربارەی ئەرکی سەربازەکانی تورکیا لە ئەفغانستان رایگهیاند: "ھیچ کات سەربازەکانمان لە ئەفغانستان وەکو ھێزێکی شەڕکەر لە ئەرکدا نەبوون. بە ھیچ شێوەیەک سەربازەکانمان لەوێ وەک ھێزێکی بێگانە نەبینیوە و بەکارمان نەھێناون".
گوتیشی: "بوونی سەربازیی تورکیا لە ئەفغانستان، دەستی ئیدارەی نوێی وڵاتەکە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بەھێز دەکات و کاری ئاسان دەکات".
ئەردۆغان سەبارەت بە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی فڕۆکەخانەی حامید کارزای دوا و رایگهیاند: "لە ئێستادا پلانەکانمان بە گوێرەی پێشھاتە نوێیە مەیدانییەکان و گفتوگۆکانمان بە گوێرەی ئەوە ئەنجام دەدەین".
سەرکۆماری تورکیا ئەوەشی ئاشکرای کرد، کۆی گشتیی ٥٥٢ ھاووڵاتیی تورکیا لە ئەفغانستانەوە ھێنراونەتەوە وڵاتەکەی و گوتی: "زامن کردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی ھاووڵاتییانمان لە ئەفغانستان، کاری لە پێشینەی ژمارە یەکمانە".
رهجهب تهیب ئەردۆغان، پلانی بۆ ئەنجامدانی چەند پەیوەندییەک ئاشکرا کرد و گوتی: "تا سەرەتای ھەفتەی داھاتوو لەگەڵ مێرکڵ و لەسەرەتای ھەفتەشدا لەگەڵ پوتین پەوەندییمان دەبێت".
لە بارەی هەڵچنينى دیوار لە سەر سنووری نێوان وڵاتهكهی و ئێران، سەرکۆماری تورکیا گوتی: "لەسەر سنووری ئێران چوار پارێزگامان ھەیە، ئاگری، ھەکاری، ئیدر و وان. تەواوی سنوورەکەمان بە دیوار ھەڵدەچنین. دیواری سەر سنوور لە ئاگری و ئیدر کۆتایی ھاتووە".
جەختی لەسەر بەرەوپێشچوونی وەبەرھێنان لە وڵاتهكهشی کردەوە و رایگهیاند: "ئامانج و پلانی زۆر جددیی وەبەرھێنان ھەیە. لەو بڕوایەدام لە نزیکترین کاتدا ئیمارات وەبەرھێنانی جددیی لە وڵاتەکەمان دەکات".
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە بانگەشەکانی سەرۆکی جەھەپە کەمال کڵچدارئۆغڵو لەبارەی رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا بۆ وەرگرتنی پەنابەران، گوتی: "داواکار دەبێ بانگەشەکەی بسەلمێنێ. ئەو پیاوە درۆزنە، تا ئەمڕۆ قسەی راستی ھەبووە؟ نییەتی".
ھاوکات ئەردۆغان لهبارهی بانگەوازەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەخت دوا و، گوتی: "ئامانج حوزەیرانی ٢٠٢٣یە. ئۆپۆزیسیۆن ئیش و کاری نییە بەڵکو سەرقاڵە بەمانەوە. وادەزانن کە بەمانەوە سەرقاڵ بن ئەنجامی دەبێت".
سهركۆماری توركیا لە کۆتاییدا باسی لە ئاستی گەشەکردنی ئابووری لە وڵاتەکەی کرد و گوتی: "پێشبینیمان بۆ گەشە کردن لە کۆتایی ساڵدا زۆر زیاترە لە تهنانهت سەدا ٥،٨. لە ھەناردەكردندا ژمارەی پێوانەیی لەسەریەک تۆمار دەکەین و وا لە بەربەستی ٢١٠ ملیار دۆلار نزیک دەبینەوە".