هەولێر - AA
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لێژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوە.
بە مەبەستی ئاگاداربوون و دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ ئەو کۆچبەرانەی هەرێمی کوردستان کە لە وڵاتی لیتوانیا گیریانخواردووە و لە دۆخێکی خراپی پەنابەرییدان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی و لێژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوە و داوایش کراوە شاندێکی لێژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ وڵاتی لیتوانیا شاند بکرێت بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە رەوشی پەنابەران بکۆڵنەوە.
دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا، تیشکیان خستەسەر ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و رایانگەیاند کە لەگەڵ وڵاتی لیتوانیا لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی بەرلە هاتنی وەرزی زستان، رێگا چارەیەک بۆ دەربازبوونی ئەو کۆچبەرانە یان گەڕانەوەیان بە خواستی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان، رێبوار بابکەیی گوتی: "کۆبوونەوەیەکی تێروتەسەلمان ئەنجام دا و لەسەر دوو تەوەر قسەمان کرد، یەکێکیان کاروچالاکییەکانی نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە کە ئێستا ١٤ نوێنەرایەتیی هەیە، تەوەری دووەمیش بریتیی بوو لە دۆخی پەنابەرانمان لە وڵاتی لیتوانیا کە لە تەوەری یەکەمدا، باسمان لە کەمی میلاکات کرد و هەندێک پێشنیازمان داوەتە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە کارگێڕییەکان".
رێبوار بابکەیی گوتیشی: "لە تەوەری دووەم وەک هەموومان دەزانین کە هەندێک لە هاووڵاتییانمان لە وڵاتی لیتوانیا گیریانخواردووە و وەکو پێویست پێداویستی ژیانیان بۆ دابین نەکراوە کە ئەمەیان دوو رەهەندی هەیە، رەهەندی سیاسیی و رەهەندی یاسایی، بێگومان لە رەهەندە سیاسییەکەی تێدەگەین لەو ئاڵۆزییەی نێوان وڵاتی لیتوانیا و بیلاڕووس کە لیتوانیا وڵاتێکە ئەندامە لە یەکێتیی ئەورووپا و چۆن بیلاڕووس بتوانێت لەم رێگایەوە هەندێک دەستکەوتی ماددی بەدەست بێنێت و پرسی پەنابەران دەکاتە پرسێکی سیاسیی و هەموو سنوورەکانی واڵا دەکات بۆ ئەوەی لە لیتوانیا گیربخۆن".
رێبوار بابکەیی سەبارەت بە رەهەندە یاساییەکەش گوتی: "رەهەندە یاساییەکەش ئەوەیە کە ئەو هاووڵاتییانەی ئێمە بە رێگای قاچاخ چوونەتە ئەو وڵاتەوە، دیارە بەپێی یاساکانی وڵاتی لیتوانیا و یەکێتیی ئەورووپا بەگشتی، هەرکەسێک بە قاچاخ بچێتە ئەو وڵاتەوە، ئەوا بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، لەئێستادا حکوومەتی لیتوانیا بەهێج جۆرێک ئامادەنییە مافی پەنابەریەتیی بدات بە خەڵکی ئێمە، هەروەها ئامادەش نییە سنوورەکان واڵا بکات بۆ ئەوەی خەڵک لەوێیەوە بۆ نموونە بچێتە وڵاتی دانمارک، سوید یان ئەڵمانیا".
سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکان و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان گوتیشی: "ئێمە دوێنێ کۆبوونەوەمان هەبووە و نووسراوێکمان ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە کە لێژنەیەکمان شاند بکرێت بۆ وڵاتی لیتوانیا و لە دۆخی پەنابەرانمان بکۆڵینەوە و بتوانین دەریچەیەکی یاسایی بدۆزینەوە بەلانیکەم ئەوانەی دەخوازن بگەڕێنەوە بیانهێنینەوە، ئەوانەیشی نایانەوێت بگەڕێنەوە ئەوا لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە پەیوەندیدا بین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەو پەنابەرانە".
دواتر بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەمان سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتییەکانمان بوو لە وڵاتانی دنیا، راستە ھەندێک نوێنەرایەتی چ لە رووی ئیمکانیاتی ماددی و میزانییەیان چ لە رووی میلاکات جیاوازی ھەیە، بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کاری لێ دەکەن، چونکە ھەندێک وڵات ھەیە راستەوخۆ لە ھەرێمی کوردستان کاریگەرییان ھەیە لە ھەموو بوارەکاندا، بۆیە ناکرێت وڵات لەگەڵ وڵات بەروارد بکرێت یان کارەکانی نوێنەرەکان لەگەڵ نوێنەرێکی دیکە".
سەفین دزەیی گوتیشی: "پرۆژەی پێداچوونەوە بە ھەیکەلی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، وەک دەشزانن ئەم فەرمانگەیە بە فەرمانێک دەرچووە لە ٢٠٠٩ تاوەکو ئێستا کۆمەڵێک گۆڕانکاری بووە و نوێنەرایەتی زیاترمان ھەبووە و پەیوەندی دیبلۆماسی لە ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە، بۆیە بە پێویستمان زانی ھەیکەلی فەرمانگەکەمان دەستکاری بکرێت تاوەکو ئەوکاتەی لە داھاتوودا کە ئومێد دەخوازین پرۆژە یاسایەک پێشکەش بە پەرلەمان بکرێت بۆ بەوەزارەتکردنی ئەم فەرمانگەیە، بەڵام ئەوەش کاتی دەوێت، چونکە ئاشکرایە کە سیاسەتی دەرەوە پەیوەستە بەدەسەڵاتی فیدراڵی لەبەر ئەوە دەبێت کەمێک بە ھەستیارانە مامەڵە بکەین، بەڵام یەکێک لە پلانەکانمان ئەوەیە لە داھاتوودا یاسایەک ھەبێت بۆ ئەو فەرمانگەیە تا ئاستی بە وەزارەتکردن".
لەبارەی دۆخی کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان لە وڵاتی لیتوانیا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی گوتی: "سەبارەت بە بارودۆخی کۆچبەرانی ھەرێمی کوردستان کە روویان لە دەرەوەی وڵات کردووە، خۆتان دەزانن لە ھەموو دنیادا ئەمڕۆ کۆچبەری دیاردەیەکی زەقە و بەداخەوە بووەتە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەسەرانسەری جیھاندا، بەداخەوە لە ھەرێمی کوردستانیشەوە لەبەر ھەر ھۆکارێک بێت، ئێستا خەڵکانێک کۆچ دەکەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ناتوانێت رێگری لە گەشتی دەرەوەی ھاووڵاتییان بکات وەک یەکێک لە بنەماکانی مافی مرۆڤ کە خەڵک بتوانێت بە ئازادی خۆی گەشت و جوڵە بکات، بەڵام بەداخەوە تۆڕی مافیایی و بازرگانیکردن بە مرۆڤ دروست بووە چ ئەوانەی لەناوخۆی ھەرێمی کوردستان لق و پۆپیان ھەیە چ ئەوانەی فراوانترن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن".
سەفین دزەیی گوتیشی: "ھەفتەیەک بەرلە ئێستا بە تەلەفۆن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا قسەم کرد، لە سەرەتادا نیگەرانی خۆمان دەربڕی بەرامبەر ئەو ئاوارانەی کە لە کەمپەکانن و بەشێوەیەکی زۆر سەرەتایی ژیانی خۆیان بەڕێوەدەبەن، وەزیری دەرەوەی لیتوانیا بەمنی گوت تاوەکو ئێستا رووبەڕووی پەناھەندە نەبووینەتەوە ئەمە یەکەم جارە لێشاوێک روو لە ئێمە بکات و ئەزموونمان نییە لەسەری، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەکەین بەزووترین کات ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە ئەگەر بگاتە مانگی نۆ و وەرزی زستان دەست پێ بکات دۆخیان زۆر خراپتر دەبێت لەوەی کە ئێستا ھەیە، بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئەو پەنابەرانە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق و باڵیۆزخانەی عێراق لە پۆڵەندا لەسەر خەتین تا ھەوڵبدەین کێشەکە چارەسەر بکەین".
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "ئێمە لایەنگری ئەوەنین کە ھیچ کەسێک بە زۆرەملێ بگەڕێندرێتەوە، ھەر کەسێک دەیەوێت بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی خاکی خۆیەتی ئێمە پێشوازی لێدەکەین، بەڵام بەشێوەی خۆویستانە نەبێت، ئێمە لایەنگیری لە گەڕانەوەی زۆرە ملێ ناکەین، بەڵام دەشپرسین لەسەر ئەوەی ئەوانەی ناگەڕێنەوە چارەنووسیان چی لێدێت لەو وڵاتانە، ئەو وڵاتانە سیاسەتی خۆیان ھەیە، چونکە پێشێلکردنی سنووری وڵاتێک نایاساییە، بۆ نموونە لیتوانیا ئەوەیان بە ئێمە وت سێ بژاردە لەبەردەستی پەنابەراندایە، یان ئەوەیە بدرێنە دادگا و ئیتر دادگا چی بڕیاردا دەبێت پێی رازیبن، یان بیانگەڕێننەوە بیلارووس یان بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان کە عێراق، لەسەر ئەمە ئێستا ئیش دەکرێت و ھیوادارین کە ئەنجامێکی باشی ھەبێت".
بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە دوو هەزار و ٨٠٠ هاووڵاتیی ھەرێمی کوردستان و عێراقی لە سنوورەکانی نێوان بیلاڕووس و لیتوانیا گیریان خواردووە و لە دۆخێکی زۆر خراپدان.
news_share_descriptionsubscription_contact

