Andaç Hongur,Zeynep Rakipoğlu,Hatice Şenses Kurukız,Berk Özkan
13 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 14 ئەیلوول 2019
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی دیاربەکر رایگەیاند "ھەرچۆنێک بێ بەردەوامی دەدەین بەم بەرەنگاربوونەوەیە. لەو باوەڕەدام لە کۆتاییدا کۆماری تورکیا بە سوپا، پۆلیس و جەندرمە و ھێزە ئەمنییەکانییەوە لەم کارەیدا سەرکەوتوو دەبێت".
دوای ئەنجامدانی نوێژی ھەیینی لە مزگەوتی والیدە سوڵتان لە دۆڵمەباغچە، ئەردۆغان لە کاتی ھاتنەدەرەوە لە مزگەوت وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ھێرشە تیرۆریستییەکەی دیاربەکر، ئەردۆغان ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە دوێنێ شەو رووداوەکە روویداوە و، گوتی: ''سەراتا چوار شەھیدمان ھەبوو، دواتر ژمارەیان بەرز بووەوە بۆ حەوت. لە ئێستادا نزیکەی ١٠ بریندارمان ھەیە. خوا شیفای بریندارانمان بدات، لە شەھیدەکانمان خۆشبێت. خێرا وەزیری ناوخۆمان نارد بۆ ئەوێ، لە ھەمان کاتدا جێگری سەرۆکی گشتییم نارد. ھەر کە زانیاریم لە پارێزگارەکەمان وەرگرت لە ھەمان کاتدا پەیوەندیم کرد بە ھەر یەک لە خانەوادەی چوار شەھیدەکە. بەڵام ئەوان لە بەرامبەر ھەموو ئەوانەدا دەڵێن 'ئێمە ساڵانێکە وەک ھۆز زۆر شەھیدمان داوە. ئەوانە ناتوانن بمانتۆقێنن''.
گوتیشی: "ھەرچۆنێک بێ بەردەوامی دەدەین بەم بەرەنگاربوونەوەیە. لەو باوەڕەدام لە کۆتاییدا کۆماری تورکیا بە سوپا، پۆلیس و جەندرمە و ھێزە ئەمنییەکانییەوە لەم کارەیدا سەرکەوتوو دەبێت. لە ئێستادا چ سەرۆکی لقی شارۆچکەی ھەدەپە چ بەرپرسی کاروباری ھونەری شارەوانی لە یەکەم قۆناغدا گیراون. پێموایە لەماوەی ئەم قۆناغەشدا زیاتریان دەگیرێن".
- لووتکەی سێ قۆڵی
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەو گفتوگۆیانەی لە لووتکەی سێ قۆڵییدا ئەنجام دەدرێن کە بڕیارە رۆژی یەک شەممە بە بەشداریی رووسیا و ئێران بەڕێوەبچێت، ئەردۆغان رایگەیاند: ''ئەو لووتکەیە قۆناغێکە لە سۆچی دەستیپێکرد، بە ئەنقەرە بەردەوام بوو. دواتر بە تاران بەردەوامیمان دا بەو قۆناغە. دووبارە گەڕاینەوە، سۆچی و ئێستا لە ئەنقەرە بەردەوامین. لە لووتکەیەدا کە لە ئەنقەرە ئەنجامیدەدەین، بە چڕو پڕی باسی پێشھاتەکانی ئیدلب دەکەین. لەنێو پێشھاتەکانی ئیدلبدا، تاوتوێی سەرجەم پێشھاتەکانی پەیوەست بە خاڵەکانی چاودێریی و بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکەین و، درێژە بەم پرۆسەیە دەدەین. ھەندێ کار ھەیە کە ھێزەکانی ھاوپەیمانی بەپێی خۆیان ئەنجامیانداوە. ھەندێ کۆبوونەوەش ھەیە کە ئێمە لەگەڵ ئەواندا ئەنجاممانداوە، ھەندێ کۆبوونەوە ھەیە لەگەڵ ئەمریکا ئەنجاممانداوە. کاتێ لە سنوورەکەماندا تەماشای قوڵایی دەکەیت پێشتر بەڕێز ترەمپ باسی لە ٢٠ میل کرد بە قوڵایی نزیکەی ٣٠ کم، دووبارە بەھەمان شێوە گفتوگۆمان کرد. لە ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە چەند خاڵێک ھەیە لەسەریان رێککەوتوین. لە ئێستادا بەشێوەیەکی بەرامبەری ھێلیکۆپتەرەکانمان بەیەکەوە لەرووی لۆجستییەوە ئۆپەراسیۆنێک بەڕێوەدەبەن. لێرەدا زۆر گرینگیی دەدەین بە ھەڵوێستی ئەمریکا دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی پەیەدە/یەپەگە. ئایا ئەو ھەڵوێستە ھەیە کە دەیخوازین؟ لە ئێستادا ئەو ھەڵوێستە نییە کە دەیخوازین''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئێشکگری دایکان لە دیاربەکر بۆ رزگارکردنی منداڵەکانیان لە دەست پەکەکە، ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ھەڵوێستی ئەم دایکانە، رووداوێکی ئاسایی نییە و، گوتی: ''ئێمە وەک دەوڵەت لەپاڵیانداین. کەس نیگەرانی ئەوە نەبێت. ئێمەش چاودێری ئەو قۆناغە دەکەین''.
گوتیشی: ''لێرەدا ئەگەر شتێک ھەبێت پەکەکە، درێژکراوە سیاسییەکەی ھەدەپە بتوانن بیکەن ئەوا دەیکەن. لە ھەوڵی ئەوەدان بە گواستنەوەی ئەو کارە بۆ پەرلەمان شەرعیاتی پێ بدەن، بەڵام ببورن ئێمە رێگە نادەین''.