Adsız Günebakan,İrfan Aydoğdu
20 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2022
عەنتاب-AA
لە ئاکامی رووداوێکی هاتوچۆدا لە پارێزگای عەنتاب باشووری خۆرههڵاتی توركیا، ١٦ كەس گیانیان لەدەستدا و ٢١ی دیکەش برینداربوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، پاسێکی نەفەرهەڵگر خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی تیمی ئاژانسی هەواڵی ئیخلاس (İHA) و ئەو تیمەی لە هەوڵی رزگارکردنی سەرنشینانی ئەو ئۆتۆمبێلەدابوون کە لە رێگای سەرەکی تارسوس- ئادانا تووشی رووداو هاتبوو.
ژمارەیەکی زۆر لە پۆلیس و کارمەندانی تەندروستی رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە رووداوەکەدا، ١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە کە دووانیان کارمەندانی فریاکەوتن، چواریان کارمەندی تەندروستی و دوو کەسیان رۆژنامەنووس بوون و ٢١ كەسیش برینداربوون.
- پارێزگاری عەنتاب گەیشتە شوێنی رووداوەکە
پارێزگاری عەنتاب، داود گول لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند، نزیکەی کاتژمێر ١٠:٤٥ بەیانی ئەمڕۆ شەممە پاسێکی نەفەرهەڵگر خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلی تیمی ئاژانسی هەواڵی ئیخلاس (İHA) و ئەو تیمەی لە هەوڵی رزگارکردنی سەرنشینانی ئەو ئۆتۆمبێلەدابوون کە لەسەر رێگاکەدا تووشی رووداو هاتبوو.
پارێزگاری عەنتاب لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٦ کەس بەرزبووەتەوە و چوار کەسیان کارمەندی تەندروستی بوون.
لەوەو پێش داود گول رایگەیاندبوو کە "لە رووداوەکەدا، ١٥ کەس گیانیان لەدەستداوە کە سێیان کارمەندانی فریاکەوتن، دووان کارمەندی تەندروستی و دوو کەسیان رۆژنامەنووس بوون لە ئاژانسی هەواڵی ئیخلاس (İHA) . بریندارەكان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە. نزای لێخۆشبوون بۆ ئەو هاووڵاتییانەمان دەکەین کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین".
داود گول ئاشکرایشی کرد کە ئەو بەشەی رێگاکە كە بەهۆی رووداوەكەوە داخرابوو، بەڕووی هاتوچۆدا كرایەوە.
لە راگەیەندراوەکەی پارێزگای عەنتاب ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو هاووڵاتیانەی لە رووداوەکەدا نەیانتوانیوە بگەنە کەسوکاریان، دەتوانن بە پەیوەندیکردن بە ناوەندى هەماهەنگيى تەندروستيى كارەسات (SAKOM) زانیاریی لەبارەیانەوە وەربگرن.