Rauf Maltaş
19 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 10 تشرینی یەکەم 2022
ئورفا - AA
شاری ئورفا خاوەنی کولتوورێکی خۆراکیی دەوڵەمەندە و بەتایبەت بە کەباب و برژاو بەناوبانگە.
جگەر، کەبابی خەشخاش، کەبابی باینجان، کەبابی پیاز، قازان کەباب و کەبابی سینی لە جۆرە دیارەکانی کەبابی ئورفان.
لە مێژووی مرۆڤایەتییدا ئەم شارە لانکەی کۆنترین شارستانییەتییەکان بووە لەئێستاشدا یەکێکە لە شارە دیارەکانی تورکیا کە بە خواردنە خۆشەکانی بەناوبانگە.
تا ئێستا لە شاری ئورفا، ٣٨ جۆر خواردن بە فەرمی تۆمارکراون و ١٣ جۆر خواردنی دیکەش چاوەڕوانی تۆمارکردن دەکەن.
ئەو گەشتیارانەی سەردانی شارەکە دەکەن زیاتر حەز بە خواردنی جگەری برژاو دەکەن، بەڵام دانیشتوانی ئورفا، خۆشترین خواردن لەلایان کەبابی سینی-یە.
- "جگەر پاشای هەموو جۆرەکانی برژاوییە"
سەرۆکی رێکخراوی گەشتوگوزاری خۆراکیی ئورفا، عەبدولرەحمان ئاجار لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە بەهای گەشتوگوزاریی خۆراکی شارەکە، رۆژ بە رۆژ لە زیادبووندایە.
عەبدولرەحمان ئاجار جەختی لەوەش کردەوە کە خۆراک یەکێکە لە پایە سەرەکییەکانی گوشتوگوزار، ئەو خواردنانەی بەشێوەیەکی باش دەناسێندرێن لە ماوەیەکی کەمدا دەبنە جۆرێک لە وەبەرهێنان بۆ شارەکە.
باسی لەوەش کرد کە ئورفا بە جۆرەکانی کەباب، بەناوبانگە و گوتی: "شەش جۆر کەباب و برژاومان هەیە کە وەک خواردنی تایبەتی شاری ئورفا ناسێندراون و یەک لە یەک خۆشترن، بەڵام دەتوانین بڵێن کە جگەر پاشای هەموو برژاووییەکانە. ئێمە رۆژانە سێ ژەم جگەر دەخۆین. میوانەکانیشمان زیاتر لە هەموو برژاوییەکی دیکە حەزیان لە جگەرە، هەروەها هەفتانە دوو بۆ سێ جار لە ماڵەکانمان و شوێنی کارەکانماندا کەبابی سینی، دەخۆین کە لەم دواییەدا وەک کەبابێکی شاری ئورفا ناوی تۆمار کرا".
عەبدولرەحمان ئاجار ئەوەشی ئاشکرا کرد کە هاووڵاتییانی ئورفا بەگشتی هەموویان لەپاڵ کار و پیشەکەی خۆیاندا، دەشزانن بەباشی کەباب دروست بکەن.
- نهێنی چێژی هەر کەبابێک جیاوازە
چێشتلێنەر، عوسمان یوکسەکیایلا باسی لەوە کرد کە کەسانێکی زۆر لە ئورفا لە رێی کارکردن لە کەبابخانەکان، بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.
عوسمان یوکسەکیایلا، ئاماژەی بەوەشدا کە هەر کەسێک بێتە شاری ئورفا پێویستە جۆرێکی کەباب تاقی بکاتەوە و گوتی: "لە ئورفا زیاتر جگەر دەخورێت. گرنگترین تایبەتمەندی ئەو جگەرەشی کە دەکرێت بە لەفە ئەوەیە جگەری بەرخی نێر بێت. دواتر لەگەڵ بیبەری تایبەت بە شاری ئورفا پێشکەش دەکرێت و خواستێکی زۆری لەسەرە".
وەستا جەلال تۆغای کەبابچیش لە بارەی تام و چێژی کەبابەکانەوە ئەوەی خستەڕوو کە نهێنی چێژی هەر کەبابێک جیاوازە و گوتی: "چێژی کەبابی باینجان و کەبابی پیاز ئەوەیە کە چەوری گۆشتەکە نەچێتە سەر باینجان و پیازەکە، چێژی قازان کەباب و کەبابی سینیش ئەوەیە کە لەسەر ئاگرێکی هێواش بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لێبنرێت".