Zafer Fatih Beyaz,Muhammed Ali Toruntay
18 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 19 ئاب 2022
لڤیڤ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند کە لە لووتکەی سێقۆڵی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس باسیان لە نیگەرانیان لەبارەی پێکدادانەکانی دەوروبەری ناوەندی ناوەکی زاپۆریژیا کردووە و گوتیشی: " نامانەوێت رووداوێکی نوێی چێرنۆبڵ ببینین".
لە دوای لووتکەی سێقۆڵی نێوان سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی و سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەش رێکخرا.
ئەردۆغان لەمیانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "باسمان لە پشتیوانی پێویستی تورکیا لە دووبارە بنیاتنانەوەی ئۆکراینا بۆ زێڵنسکی کرد".
سەرکۆماری تورکیا، ئەردۆغان باسی لە رێککەوتنی ئیستانبوڵ کرد و گوتی: "گشت جیھان ھەستی بە رەنگدانەوەی ئەرێنی رێککەوتنی ئیستانبوڵ بۆ گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکراینا بە شێوەیەکی سەلامەت بە رێگەی دەریای رەش کردووە".
ئەردۆغان لەبارەی ناردنی ھاوکاری بەپەلە بۆ ئۆکراینا رایگەیاند "بۆ دەستەبەرکردنی ھاوکاری بەپەلە بۆ گەلی ئۆکراینا، ٩٨ بارھەڵگر ھاوکاری مرۆییمان بۆ ئۆکراینا نارد. بە شێوەیەکی کاتی میوانداریی نزیکەی ٣٢٥ ھەزار ئۆکراینیمان کردووە".
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی میوانداریکردنی ھاووڵاتیانی ئۆکراینا گوتی: "تا گەڕانەوی دۆخی ئاسایی بۆ ئۆکراینا، قبوڵمان کرد میوانداریی ھەزار و ٥٠٧ کەس بکەین کە ھەزار و ٩٩ منداڵی بێ سەرپەرشت و ٤٠٨ ھاوەڵ لەخۆ دەگرێت".
ئەردۆغان ئاشکرای کرد کە لە لووتکەی لە لڤیڤ ھەڵسەنگاندیان بۆ تواناکانی گۆڕینی کەشی ئەرێنی رێککەوتنی ئیستانبوڵ بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی ھەمیشەیی کردووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەر لەبارەی جەنگی ئۆکراینا-رووسیا گوتی: " ئاماژەمان بە پێویستی ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی زیاتر لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە کرد بەمەبەستی زیندووکردنەوەی پێواژووی دیپلۆماتی".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "پارێزگاری لەو بڕوایەم دەکەم کە دەبێت لە کۆتایدا جەنگ لەسەر مێزی دانوستان کۆتایی بێت. لە بنەڕەتدا بەڕێز زێلێنسکی و گوتیرێس ھەمان بۆچوونیان ھەیە".
ئەردۆغان ھەر لەبارەی جەنگی ئۆکراینا نێوان ئۆکراینا و رووسیاوە رایگەیاند "گشت بابەتەکە بریتییە لە دەستنیشانکردنی کورترین و دادپەروەرترین رێگا بۆسەر مێزی دانوستان".
لەبارەی رۆڵی نێوەنگیری بۆ زیندووکردنەوە دانوستانەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، ئەردۆغان گوتی: "ئامادەین رۆڵی ئاسانکاریی و نێوەندگیری بۆ زیندووکردنەوەی دانوستانەکان لەسەر ئەو پێوەرانەی لە ئیستانبوڵ دیاریکرابوون، بگێرین".
ئەردۆغان راشیگەیاند "لە لووتکەی سێقۆڵی لە لڤیڤ، تاوتوێی پرسی ئاڵوگۆڕی دیلەکان و ھەوڵەکانمان لەسەر ئەم پرسە کرد. دووبارە ئاماژە بەوە دەکەم کە گرنگی بەم پرسە دەدەین".
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە لەگەڵ پوتین بەردەوام دەبن لە ھەڵسەنگاندنی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ.