Mazın Asad
25 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2016
پاریس
سەرکۆماری فەڕەنسا، فرانسوا ئۆلاند داوای کرد دوای رزگارکردنی مووسڵ پیلانێک بۆ رەوشی شارەکە ھەبێت.
ئۆلاند لە گوتەیەکی لە دەستپێکی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ١٣ وڵاتی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا، رایگەیاند "لەگەڵ رزگارکردنی مووسڵ کارەکان تەواو نابن. دوای رزگارکردنی مووسڵ، پێویستە پیلانێک بۆ رەوشی شارەکە بخەیەنەڕوو".
سەرکۆماری فەڕەنسا ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە دوای ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ، حیسابی کێشەکانی سیاسی، مرۆیی و ئەمنی بە باشی بکرێت و رایگەیاند پێویستە لە داھاتووی مووسڵدا، گشت گرووپەکانی ئەتنیکی و ئایینی خاوەن بڕیار بن.
ھاوکات ئۆلاند، لە پێناو رزگارکردنی مووسڵ و رەققە لە دەست داعش، داوای لە ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کرد پەرە بە ستراتجییەتێک بدەن و گوتیشی: "ئەگەر مووسڵ لە دەست داعش دەربچێت، ئەوە رەققە دەبێت بە دوا قەڵای داعش. پێویستە سڕینەوەی داعش لە ھەموو شوێنێک ببینین".
فەڕەنسا ساڵی رابردوو بەمەبەستی راھێنانی پێشمەرگە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، راوێژکار و پشتیوانی سەربازیی رەوانەی ناوچەکە کردبوو.
لە کۆبوونەوەکەی پاریس ھەریەک لە وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەمریکا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، کەنەدا، بەریتانیا، ئوستڕاڵیا، نیوزیلاند، دنمارک، نەرویج، بەلجیکا، ھۆڵەندا، ئیسپانیا و فەڕەنسا بەشدار بوون.